کانونی یەکەم 11, 2019

لە سەردەمی ئەكەپەدا زۆرترین ئافرەتی باڵاپۆش دەستگیر كراوە

لە ٢٠٠٢ كاتێك ئەكەپە دروست بوو و هاتە ناو مەیدانی سیاسەت، داوای لە ئافرەتە باڵاپۆشەكان كرد دەنگی پێ بدەن، چونكە لە لایەن حكوومەتەكانی پێشوترەوە زۆرترین زوڵمیان لێ كراوە، بەڵام لە سەردەمی ئەكەپەدا زۆرترین ئافرەتی باڵاپۆش دەستگیر كراوە و سووكایەتی پێ كراوە.

یڵماز ئۆزدیل رۆژنامەنووسی دیاری توركیا و رۆژنامەی (سوزجو)_ی توركی، ئاشكرای دەكات كە لە سەردەمی ئەكەپەدا زۆرترین ئافرەتی باڵپۆش دەستگیر كراوە.
ئەو نووسەرە لە وتارێكدا كە لە (سۆزجو) بڵاوی كردوەتەوە، باس لەو ئافرەتانە دەكات كە ئەكەپە بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە فەتحوڵا گولەنن دەستگیری كردوون و، دەڵێت هیچ سەردەمێك لە توركیا ئەوەندەی ئێستا ئافرەتی باڵاپۆش بەسەر دەستگیر نەكراوە.
لە ساڵانی نەوەدەكان و تا دروستبوونی ئەكەپە، لە توركیا هیچ ئافرەتێكی باڵاپۆش بۆی نەبوە بچێتە زانكۆ، یان ببێتە فەرمانبەر، بەڵام لە ٢٠١١ ئەو یاسایە لە پەرلەمانی توركیا هەموار كرایەوە و رێگە درا ئافرەتە باڵاپۆشەكانیش ببنە ئەندام پەرلەمان و قوتابی زانكۆ و فەرمانبەر.
ئۆزدیل رەخنە لە حكوومەتی توركیا دەگرێت، كاتێك دەیانگوت هیچ مامۆستایەكی ئایینی نابێتە تیرۆرست، كەچی دەیان مامۆستای ئایینی لە توركیا دەستگیر كراوە و تۆمەتی تیرۆرستایان دراوەتە پاڵ. ئەمەش دوای ئەوەی رێكخراوی خزمەتی سەر بە گولەن بە فەرمی وەكو تیرۆرست ناسێنرا لە توركیا و ئەو مامۆستا ئاینییانەش سەر بە گولەنن بۆیە وەكو تیرۆرست مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
هەروەها ئەو نووسەرە ئاماژە دەدات، كە زۆرترین ئافرەتی باڵاپۆش لە سەردەمی ئەكەپەدا دەستگیر كراون و سووكایەتیان پێ كراوە، كەچی ئەكەپە لە ٢٠٠٣ەوە دەیگوت ئافرەتی باڵاپۆش نابێت سووكایەتی پێ بكرێت و دەستگیر بكرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراونەتەوە، لە دوای هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمووز لە توركیا، زۆرترین ئافرەتی باڵاپۆش لەو وڵاتە تۆمەتی تیرۆرستی دراوەتە پاڵ. لە تازەترین هەواڵیشدا هاوسەری ئەبوبەكر بەغدادی و خوشكەكەی و براژنەكەی بە باڵاپۆشی لە توركیا دەستگیر كران.

© 2017 Hawler