کانونی یەکەم 08, 2019

گەورە راوێژكارێكی سه‌رۆكی توركیا مەترسی دوورخستنەوەی لەسەرە

بە هۆی ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، بولەنت ئارینج گەورە راوێژكاری رەجەب تەییب ئەردۆغان رەخنەی لە بڕیارنامەكانی یاسای توركیا گرت، بەرپرسانی ئەكەپە داوا دەكەن ئەردۆغان دووری بخاتەوە و سزای توندی بەسەردا بسەپێنێت.

بولەنت ئارینج پێی وابوو (بڕیارنامەی یاسایی) كە ئەردۆغان دەسەڵاتی دەركردنی هەیە شتێكی خراپە و بە كارەسات ناوی برد.
بە هۆی ئەو گوتەیەشەوە لەلایەن میدیاكانی سەر بە ئەكەپە و بەرپرسانی ئەكەپە دووچاری رەخنەیەكی توند بوەوە، ئەردۆغانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا كۆبوونەوەیەك لەوڕوەوە دەكەین و بزانین چۆن ئارینج قسەیەكی لەو شێویەی كردوە.
ئەگەرچی ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، كە ئارینج لە كار دوور دەخرێتەوە و بە زۆر دەستی پێ لەكاردەكێشنەوە، بەڵام ئارینج هەرزوو داوای لێبوردنی كردوە و، رۆژنامەی (جومهوریەت) ئاشكرای دەكات كە ئارینج بە فەرمی داوای لێبوردنی لە ئەردۆغان كردوە.
جگە لەوەش لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی (خەبەر تورك) ئارینج لە رێگەی تەلەفۆنەوە داوای لێبوردنی كرد و گوتی خۆزگە قسەیەكی لەوشێوەیەم نەدەكرد و من لەپشت سەرۆكەكەمانم.
بەڵام چەند میدیایەكی سەر بە ئەكەپە ئاشكرای دەكەن، ئەردۆغان لەسەر ئەو گوتەیە بە ئاسانی لێی خۆش نابێت و رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا دووری بخاتەوە.
بولەنت ئارینج لە ٢٠١٥ بە هۆی ئەوەی رەخنەی لە ئەردۆغان گرت و گوتی وەكو سەرۆك كۆمار بۆی نییە دەست لە كاروباری حكوومەت وەربدات، چونكە ئەوەی بڕیار دەدات سەرۆك وەزیرانی توركیایە، كە مەبەستی ئەحمەد داود ئۆغلو بوو، بۆیە لەوكاتەوە لە ئەكەپە و حكوومەت دوور خرابوەوە و پاشان ئەردۆغان هێنایەوە بۆ ناو كۆشكی كۆماری و پۆستی راوێژكاری پێیدا.

© 2017 Hawler