ئەم پەڕەیە چاپ بکە

لە ساڵی 2020دا گرێبەستەكه‌ی نێوان ڕووسیا و چەند وڵاتێكی ئەورووپی، كۆتایی دێت

ماوەی 10 ساڵە گرێبەستێكی ئابووری لە نێوان ڕووسیا و چەند وڵاتێكی ئەورووپی كراوە لەسەر ئەوەی گازی سروشتی ڕووسیا بە خاكی ئۆكرایناوە تێپەڕێ بۆ چەند وڵاتێكی ئەورووپی، لە ئێستاشدا خەریكە ئەو گرێبەستە وادەكەی تەواو دەبێ، بەمەش ئەورووپا بوونەتە دوو بەرە.

ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) بابەتێكی شیكاری نووسیوە لەسەر نزیكبوونەوە لە وادەی كۆتایی گرێبەستەكەی نێوان ڕووسیا و ئەورووپا، لە ناوەڕۆكی بابەتەكەدا هاتووە كە لە ساڵی 2020دا ئەو گرێبەستەی لە نێوان ڕووسیا و چەند وڵاتێكی ئەورووپی هەبووە، كۆتایی دێت، ئەمەش وای كردووە كە چەند وڵاتێكی ئەورووپا ترسیان لێ بنیشێت.
وڵاتانی ئەورووپا لەسەر گازی سروشتی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەوە، هەندێك لەگەڵ ئەوەدان كە كەمتر پشت بە گازی سروشتی ڕووسیا ببەستن، چونكە لەوە دەترسێن لە داهاتوودا ڕووسیا ئەو گازە وەكو چەكێكی بەهێز بەرامبەریان بەكاربهێنێ بۆ داخوازییەكانی، هەندێك لە وڵاتە ئەورووپییەكان لەگەڵ ئەوەدان كە پێویستە یەكێتیی ئەورووپا نێوانی لەگەڵ ڕووسیادا باش بكات و گازە سروشتییەكە بەردەوام بێت.
وابەستەیی ئەم وڵاتانە بە نەوت و گازی سروشتی ڕوسیا سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەوانی بەرامبەر ڕوسیا لاوازکردووە، گرتنەوەی قوفڵی گازی سروشتی لەلایەن ڕوسیاوە دەتوانێ قەیرانی گەورە لەو وڵاتانە دروست بکات، هەر بۆیە ئەوان سیاسەتی دەرەوەیان بەرامبەر ڕوسیا لاوازو هێمنانەیە، کە ئەمەش بەپێی خواستی خۆیان نییە، ئەوان لەلایەک بەدوای دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی وزەی نوێن بۆ جێگرتنەوەی وزەی ڕوسیا بۆ ئەوەی لەبەرامبەردا سیاسەتی دپلۆماسی و نیودەوڵەتی خۆیان بەرامبەر ڕوسیا بەهێز بکەن.
ئەلیكساندر نۆفاكی وەزیری وزەی ڕووسی دەڵێ ئۆكراینا بەوە رازی بووە كە دووبارە گازی سروشتی بەناو خاكەكەیدا تێپەر بێت، بەڵام چەند وڵاتێكی یەكێتیی ئەورووپا بیر لەوە دەكەنەوە كە دەرچەیەك بدۆزنەوە چیتر گازی سروشتی ڕووسیا بە ناو خاكی ئۆكراینادا بۆیان نەیەت و ئۆكرایناش ترسێكی زۆری لێ نیشتووە، چونكە داهاتێكی گەورەی دەست دەكەوت لەو گومرگەی لەسەر ئەو گازەی دانابوو.