ئاب 06, 2020

ئەوروپا لەبەردەم شەپۆلێکی دیکەی پەنابەراندایە

تێكچونی سەقامگیری و ئاسایش و بەردەوامی شەڕ و ململانێیەکان و هەژاری لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئاسیا و، باکووری ئەفەریقا بەردەوام نیگەرانی و ترسی بەرزبونەوەی ئاستی ڕێژەی پەنابەرییە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) ئەڵمان هۆشداریداوە کە بەهۆی ڕەوشی نالەباری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئاسیا و باکووری ئەفەریقاوە چاوەڕێدەکەن شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەبوون هاوشێوەی ئاوارە زۆرەکانی ساڵی (٢٠١٥) بەرەو وڵاتانی ئەوروپا ڕووبداتەوە.
وەزیرانی ناوخۆی یەکیەتی ئەوروپا کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی پەنابەران، وڵاتانی یۆنان و قوبرس یەکیەتی ئەوروپایان ئاگادارکردۆتەوە کە لەو ساڵداژمارەیەکی زۆری پەنابەران لە تورکیاوە گەیشتونەتە وڵاتەکانیان، داوای تاوتوێکردنی بارودۆخەکە دەکەن.
یۆنان دەروازەی یەکەمی گەیشتنی پەنابەرانە لەنێو وڵاتانی ئەوروپادا بەتایبەتی بۆ ئەو خەڵکانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئاسیا و، باکووری ئەفەریقاوە کۆچ دەکەن، بەپێی داتایەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەو ساڵدا نزیکەی (٤٥،٦٠٠) پەنابەر لەڕێگای دەریاوە گەیشتونەتە یۆنان.
(هۆرست سیهۆفەر) وەزیری ناوخۆی ئەڵمان گوتی، پێویستە سیاسەتێکی هاوبەشمان لەبارەی پەنابەرانەوە هەبێ، ئەگەر هەر وڵاتێک لەدەرەوەی سنووری خۆیەوە بەربەستێک بۆخۆی دابنێ ئەوا هەرگیز نابێتە سیاسەتێکی هاوبەشی پەنابەرانی یەکیەتی ئەوروپا.
وە ئەگەر هاتوو سیاسەتێکی هاوبەشی یەکیەتی ئەوروپامان نەبێ بۆ ڕەوشی پەنابەران ئەوا مەترسیدارە و پەنابەران کۆنتڕۆڵناکرێن و، جارێکی دیکە پەنابەران بەلێشاو دەگەنەوە ئەوروپا، ئەوەشمان پێشتر بینیوە و نامەوێت جارێکی دیکە ئەوە ڕووبداتەوە.
یەکیەتی ئەوروپا نیگەرانی هەیە کە هەر ڕەوشێکی دیکەی کۆچی پەنابەران بۆ ئەوروپا وەکو ساڵی (٢٠١٥) ڕووبداتەوە دابەشبوونی زیاتر دەخاتە نێو یەکیەتیەکەوە، کاریگەری دەبێ لەسەر خزمەتگوزارە کۆمەڵاتیەکان و ئاسایش و، هەروەها پاڵ بەجەماوەرەوە دەنێت بەرەو پارتە پۆپۆلیستەکان بڕۆن ئەوانەی لەدژی پەنابەرانن یان بەجۆرێکی دیکە پارتە ڕاستڕەوەکان.
لەنێوان یەکیەتی ئەوروپا و تورکیادا ڕێکەوتنێک هەیە لەبارەی پەنابەرانەوە، تورکیا یارمەتی دارایی لەیەکیەتی ئەوروپا وەردەگرێ لەبەرانبەر داخستنی دەرگایەکانی تێپەڕینی کۆچبەراندا، لەو ساڵدا تورکیا دەروازەکانی شلکردوە ئەوەش وایکردوە لەمانگی ئابی ڕابردوودا زۆرترین پەنابەر بەرەو یۆنان لەتورکیاوە کۆچبکەن، کە زۆرترین ئاستی دەرچوونی پەنابەران بووە لەوەتەی ساڵی (٢٠١٦) ەوە.
تورکیا بەردەوام سکاڵادەکات کە ئەو ڕێكەوتنە ناهاوسانگە و، پاڵپشتیەکانی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی پەنابەران لەتورکیا ناتەواون، تورکیا ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن و نیو ئاوارەی سووریای تێدایە و داوای یارمەتی زیاتر لەئەوروپا دەکات.
ڕێکەوتنی نێوان یەکیەتی ئەوروپا و تورکیا یارمەتیەکی باش بوو بۆ ڕاگرتنی پەنابەران، لەسەر زۆری ئاستی پەنابەری لەساڵی (٢٠١٥) ەدا گروپە ڕاسترەوەکان لەئەوروپا کێرڤی جەماوەرییان بەرزبۆتەوە بەهۆی ڕەخنەگرتنیان لەسیاسەتەکانی وڵاتانی ئەوروپا کە ڕێز لەپەنابەران دەگرن و، باوەشیان بۆ کردنەوە و دەیان پارێزن، وە بەهۆی دژایەتی پەنابەرانەوە بەشێک لەو پارتە ڕاسترەوانە گەیشتونەتە دەسەڵات.
لەساڵانی ڕابردوودا تورکیا لەبەرانبەر ڕاگرتنی پەنابەراندا یارمەتی دارایی لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە دەکرا، بەپێی ڕاپۆرتەکە یەکیەتی ئەوروپا بەڵێنی هاوکاری (٦ ملیار یۆرۆ) ی بە تورکیا داوە و یەکیەتی ئەوروپا دەڵێ ئەو بڕە یارمەتیان بۆ ناردوە بەڵام تورکیا قسەی لەسەر ناتەواوی ئەو بڕە پارەیە هەیە و، داوای زیاتریش دەکات.
بەهۆی زۆری پەنابەران لەکەمپەکانی یۆنان فشارێکی زۆر کەوتۆتە سەر ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش تاڕادەییەک هاوکارنەبوون لەوەرگرتنی بەشێک لەو پەنابەرانە. تەنها لە کەمپی مۆریا لە لیسبۆسی یۆنان نزیکەی (١٣ هەزار) پیاو و ژنی پەنابەری تێدایە کە ئەو کەمپە بۆ (٣،١٠٠) کەس دروستکراوە، وە زۆربەی کەمپەکانی دیکەی دورگەکانی یۆنان زۆر قەرباڵغن و بۆ ژیان گونجاونین. ڕێکخراوی خێرخوازی ئۆکسفام لەو بارەیەوە هۆشداریداوە کە ڕەوشی منداڵەکانی کەمپی مۆریا جێگەی نیگەرانیە.
لەدوای یۆنان، لەو ساڵدا ئیسپانیا دووەم وڵاتی ئەوروپایە کە زۆرترین ڕێژەی پەنابەران ڕووی تێکردوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە لەو ساڵدا نزیکەی (٣٠ هەزار) پەنابەر گەیشتونە ئیسپانیا و، (٨ هەزار) یش گەیشتونەتە ئیتالیا و، (١٦٠٠) پەنابەریش گەیشتونەتە ماڵتا و، (٨٠٠) یش گەیشتونەتە قوبرس.
لەکۆبونەوەی وەزیرانی ناوخۆی یەکیەتی ئەوروپا لەسەر ڕەوشی پەنابەران ڕاپۆرتەکە ئەوەی زانیوە کە بەلای وڵاتانی ئەوروپاوە بارودۆخەکە خراپە و زەنگێکە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکەی پەنابەران لەناوچەکەدا.
هەروەها وەزیرەکان دەڵێن، ئەوروپا ناتوانێ بۆ جاری دووەم بۆ ئەو بارودۆخە خۆی ئامادەنەکات، یەکیەتی ئەوروپا پێویستە بیر لەدابینکردنی یارمەتی دارایی و پلانی هاوبەش بکاتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەو ڕێگایانەی کە لێوەی دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا.
شیاوی باسکردنە، وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا ترسیان هەیە کە قەیرانێکی دیکەی هاوشێوەی ساڵی (٢٠١٥) لەبارەی لێشاوی پەنابەران بۆ ئەوروپا بێتەوەپێش، وە ئامادەکاری دەکەن بۆ بەرگرتن لەو ڕووداوە.
وەزیرەکانی یەکیەتی ئەوروپا لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بۆ ئەو ڕەوشە کۆبونەوە و تیایدا تاوتوێی پلانێکی هاوبەش دەکەن بۆ ئەو ڕێگایانەی کە پەنابەران لێوەی دەگەنە یەکیەتی ئەوروپا، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ڕێگای دەریایی نێوان ئەفەریقا بۆ ئیتالیا و ماڵتا.
لەسەر ژمارەی زۆری پەنابەرانی ساڵی (٢٠١٥) وڵاتانی ئەوروپا جۆرێک لەدابەشبونیان تێکەوتوە، تاوەکو ئێستا هەندێک لەوڵاتان بەشێک لەو پەنابەرانەی کە لەچوارچێوەی سیاسەتی وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپادا بەسەر وڵاتانی نێو یەکیەتیەکەدا دابەشکرابوو بەشەکەی خۆیان وەرنەگرتوە و ڕەتی وەرگرتنی پەنابەران دەکەنەوە.
ڕێکەوتنی نێوان یەکیەتی و ئەوروپا و تورکیا داخستنی دەروازەی تێپەڕینی پەنابەرانە بۆ ئەوروپا و هەردوولا تێیدا سودمەندبوون، بەڵام تورکیا داوای پاڵپشتی دارایی زیاتردەکات بۆ پابەندبوون بەو ڕێکەوتنەوە.
دیارە بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بەرزی ئاستی هەژاری و بێکاری و، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا زەنگی مەترسیدارن بۆ ئەوروپا کە ناوچەکە دەکەوێتە بەر لێشاوێکی دیکەی پەنابەرانەوە، بۆیە هەوڵدەدەن ئامادەکاری بکەن و سیاسەتێکی هاوبەش بۆ ئەو بارودۆخە دابڕێژن.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler