تشرینی یەکەم 17, 2019

ئایە ئەمریكا ئاسمانی رۆژهەڵاتی فورات بەرووی فڕۆكەكانی توركیا دەكاتەوە؟

وەكو ئەوەی بەرپرسانی توركیا و ئەمریكا باسی دەكەن، هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات كەمی ماوە، وەكو ئەوەی باسیش دەكرێت لە چەند رۆژی دابێت هێرشەكە دەچێتە بواری جێبەجێ كردن. ئەو پرسیارەی زۆر جیدی و گرنگە، ئاخۆ ئەمریكا ئاسمانی رۆژهەڵاتی فورات بەڕووی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەكاتەوە؟

پێشتر روسیا بە رێككەوتنێك لەگەڵ توركیا، ئاسمانی عەفرینی بەڕووی توركیادا كردەوە، تا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بتوانن بنكە و بارەگاكانی سوپای سووریای دیموكرات بۆردومان بكەن. كردنەوەی ئاسمانی عەفرینیش رێگەی خۆش كرد تا توركیا بتوانێت بە ماوەی ٢ مانگ تەواوی عەفرین داگیر بكات.
ئەوكات مەتە یەڕار شارەزای بواری سەربازی توركیا لە دیمانەیەكیدا بۆ (سی ئێن ئێن)_ی توركی ئاشكرای كرد، ئەگەر فڕۆكەی جەنگی توركیا نەبێت، بە دڵنیاییەوە سوپای توركیا ناتوانێت بە ئاسانی عەفرین لە یەپەگە پاك بكاتەوە.
یەڕار ئاماژەی دابوو كە پێویستە توركیا رێككەوتنەكەی بە شێوەیەك بێت لەگەڵ روسیا، كە تا عەفرین پاك دەكەنەوە ئاسمانی عەفرین بە ڕووی فرۆكەكانی توركیا بكاتەوە، نەك بۆ ماوەیەكی كاتی بێت.
بەڵام بۆ ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فورات، تاوەكو ئێستا ئاشكرا نەكراوە، كە ئاخۆ ئاسمانی ئەو ناوچەیە كە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكادایە بۆ فڕۆكەكانی توركیا دەكرێتەوە یان ناكرێتەوە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان لە وتارەكەیدا ئاماژەی دا، كە توركیا لەڕێگەی وشكانی و ئاسمانی هێرش بۆ سەر یەپەگە دەست پێ دەكات، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا لەوڕوەوە هیچ شتێكیان باس نەكردوە و لەلایەن بەرپرسانی سەربازی توركیاشەوە جارێ قسە لەوڕوەوە نەكراوە.
وەكو ئەوەی شارەزانیان بواری سەربازی باسی دەكەن، ئەگەر بێت و توركیا و ئەمریكا رێككەوتبن لەسەر ئەوەی ئاسمانی رۆژهەڵاتی فورات بەڕووی فڕۆكەكانی توركیا بكاتەوە، ئەوكات چەكدارانی یەپەگە دووچاری بەرگرییەكی سەخت و زیانێكی زۆر دەبنەوە، بەڵام ئەگەر هێرشەكە تەنیا لەرێگەی وشكانی بێت، ئەستەمە توركیا وەكو عەفرین بتوانێت بە ٢ مانگ رۆژئاوای كوردستان داگیر بكات.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler