تشرینی یەکەم 17, 2019

بڕیارەكەی ترامپ ئاگرێكی گەورەی لە ناوچەكە بەرپا كردووە

دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ گلۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكرد تا ئۆپەراسیۆن بۆ رۆژهەڵاتی فورات ئەنجام بدات، ئەم بابەتە بوەتە بابەتێكی گرنگ لە میدیاكانی بەریتانیا. رۆژنامەی فینانشیال تایمز دەڵێت كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بەرەیەكی تری شەر لە ناوچەكە دەكاتەوە و، هەروەها سووریا زیاتر دەنێژن. لە لای خۆشییەوە (گاردیان) پێی وایە بەم بڕیارە ترامپ بەرژەوەندی ئەمریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە مەترسییەوە و ئاگرێكی گەورەشی لە ناوچەكە بەرپا كردوە.

فینانشیاڵ تایمز دەنووسێت: ”لە ماوەی یەك ساڵدا ترامپ ٢ جار رووی لە كورد كرد، جاری یەكەم گوتی شەڕی داعش كۆتایی هات و هێزەكانی كشاندەوە، پاشان لەگەڵ توركیا رێككەوت بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام تا رێگە لە هێرشی توركیا بگرێت بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوا، بەڵام ئەو رێككەوتنە وای كرد ئۆپەراسیۆنی توركیا ئەگەرێكی زۆر بەهێز بێت“.
باس لەوەش دەكات، كە ئەم بڕیارەی ترامپ پێمان دەڵێت هیچ رێككەوتن و هەماهەنگییەك لە نێوان پەنتاگۆن و ترامپ لەوڕوەوە نەبوە و بڕیارەكە پەلەیی پێوە دیارە.
هەروەها پێی وایە ئەگەر توركیا پەلاماری هێزە كوردییەكان بدات لە رۆژهەڵاتی فورات، ئەوكات ئەو چەكدارە داعشانەی لای یەپەگە دەستگیر كراون ئازاد دەكرێن، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە.
دەشنووسێت: ”ئەم سیاسەتەی ترامپ لەبارەی سووریاوە، هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بە كوردیشەوە دەخاتە گومانەوە، هەروەها لەناو كۆمارییەكانیش كە پارتەكەی ترامپە دەنگی ناڕەزایی بەرز بوەتەوە و دەڵێن ئەمە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەكە لە دنیاشدا ئەمریكا بەرامبەر بە هاوپەیمانەكانی زیانی پێ دەگات“.
رۆژنامەی (گاردیان) باس لەوە دەكات، كە بڕیارە لەناكاوەكەی ئەمریكا، وەكو بۆمبێك وایە كە سووریای پێ دەتەقێنێتەوە.
ئەو رۆژنامەیە بۆچوونی شارەزایانی بواری سەربازی وەرگرتوە و، ئەوان پێیان وایە ترامپ بە هیچ شێوەیەك بارودۆخەكەی نەخوێندوەتەوە و هەڵینەسانگاندوە، گەرنا هەرگیز بیری لەو بریارە نەدەكردەوە.
دەشنووسێت: ”ئەم هەنگاوەی ئەمریكا وا دەكات ناوچەكە بكەوێتە ناو ئاگرێكی گەورەوە، هەروەها ئەگەر توركیا بچێتە ناو رۆژهەڵاتی فورات، ئەوكات یەپەگە روو لە ئێران و روسیا و سوریا دەكات و ئەوان دەخاتە ناو هاوكێشەكە و دەیانكاتە هاوپەیمانی خۆی“.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler