تشرینی یەکەم 17, 2019

ئەمەریکا ده‌یان کۆمپانیا و رێکخراوی چینی خستە بەر گازی گەمارۆ

وەکچۆن دوێنێ باسمان کرد، حکوومەتە کۆمۆنیستەکەی چین، چڕوپڕ کەوتووەتە وێزەی ئۆیغۆرەکانی هەرێمی شینجاک (سین‌کیانگ) و، یەک ملیۆن کەسی لێیان چۆڵبەند کردووە و بەنیازە بە زۆر لە کولتووری چینیدا بیانتاوێنێتەوە؛ ئێران و تورکیا و عەرەبستان هەرسێانەکەیان خۆیان بە کوێخای مسڵمانانی دنیا دەزانن بەڵام هیچکامێکیان لەو بابەتەدا هەر بە درۆیشەوە بووبێت، مۆڕەیەکیان لە چین نەکردووە و نێوچەوانێکیان تێک نەناوە؛ راستەئەمەریکا نیازی خۆی هەیە بەڵام هەرچۆنێک بێ، لەسەر ئۆیغۆرەکان هاتووەتە دەنگ و بە گەمارۆ، تەنگی بە چین هەڵچنیوە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن چین رێوشوێنێکی تۆکمەی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی چی کولتوور و کەلەپووری بسڵمانەتی هەیە، لە وڵاتەکەیانی بسڕێتەوە و، بەو بۆنەوە ملوێنێک مسڵمانی لە مالوحاڵی خۆیان هەڵکەندووە و، خستوونیەتە چۆڵەوانەوە و، بیستوچوار سەعاتە چاوەدێرییان دەکات و، مێشکیان دەشۆرێتەوە و بەرازیان دەرخوارد دەدات؛ ئەوەشی ملیان بۆ شۆڕ نەکاتەوە، پەتی سێدارە چاوەڕێی دەکات؛ لە هەموو دنیادا ئەوانەی ئەندامێکی لەشیان تێک چووە و پێویستیان بەوەیە ئەندامی مرۆڤێکی دیکەیان لێ بچێندرێتەوە، زۆر گران و فرە بە زەحمەت دەستیان دەکەوێت، بەڵام لە وڵاتی چیندا بە ماوەیەکی کورت، کڕیاری جەرگ و دڵ و کورچک، مرازی حاسڵ دەبێت! دیارەبەرهەمی لەسێدارەدرانی ئەوانەیە مل نادەنە بەر توانەوەی کولتووری.
ئەمەریکا 28کۆمپانیاو رێکخراوی چینی بەرگەمارۆ خستووە؛ لەبەرئەوەی لە چەوساندنەوەی خەڵکە ئۆیغۆرەکەی هەرێمی شینجاکی چیندا دەستیان هەبووە.
ناوی ئەورێکخراوانە چووەتە تۆماری رەشەوە و، بە راسپاردەی تایبەتی واشینگتۆن نەبێت، بۆیان نیە لە ئەمەریکاشت بکڕن.
چین هێشتا لەو بڕیارەی ئەمەریکا نەهاتووەتە دەنگ.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵین پەکین دەست لە کەس ناپارێزێت و، خەریکە بە یەکجارەکی خەڵکی ئۆیغۆر ریشەڵکێش دەکات و دەیانخاتە چۆڵەوانی زۆرەملێوە؛ بەڵام چین ناچێتە ژێر باری ئەو رەخنانەوە و، هێژێ ئەو شوێنانە هەر بۆ ئەوەیە مسڵمانە توندئاژۆکانی پێ نەرمونیان بکەینەوە!

بڕیاری ئەمەریکا
وەزارەتی بازرگانیی ئەمەریکاپێرێ دووشەممە رایگەیاند: "ئەو ٢٨ رێکخراوە لە کوشتوبڕ و رەشبگیر و رەشەچاودێریکردنی ئۆیغۆرەکان و قەزاقەکان و، کەمینە مسڵمانەکانی دیکەیشدا دەستیان هەیە؛ هەربۆیەکایش بڕیارمان داوە هەربیستوهەشتەکەیان بدەینە بەر گازی گەمارۆ."
رێکخراوی ئاسایشە گشتیەکەی هەرێمی شینجاک و، نۆنزە (١٩) رێکخراوی گچکۆکەی سەربەحکوومەتیش ناویان چووەتە ئەو لیستە رەشەوە.
 ئەمەریکا هەشت کۆمپانیای چینی خستووەتە لیستی رەشەوە؛ بە تایبەت هیکڤیژن، داهوا تەکنەلۆجی (Dahua Technology) و مەگوی تەکنەلۆجی (MAGUA TECHNOLOGY)؛ هەرهەشتەکەیشیان ئامێری چاودێری و ئامرازی دەموچاوناسینەوە دادەهێنن و لەو بوارەدا پسپۆڕن.
وەنەبێ ئەمەریکاتا ئێستا هیچ کۆمپانیایەکی چینی نەدابێتە بەر گازی گەمارۆ؛ لەمانگی ئایاری ئەمساڵەوە (دووەم مانگی بەهاری کوردەواری)، کۆمپانیا هەرە زەبەلاحەکەی "هەواوی"ـیشی خستووەتە لیستی رەشەوە؛ ئەمەریکا دەڵێت هەواوی بەو مۆبایل و کەلوپەلانەی گوایە بۆ فرۆش دەیخاتە بازاڕی ئەمەریکاوە، سیخوڕی دەکات.
ئەمەریکا و چین، شەڕەبازرگانیەکی قورسیان کەوتووەتە بەین؛ بڕیارە لەو رۆژانەدا شاندی هەردوو لا، لە واشینگتۆنی پایتەختی ئەمەریکادا یەک بگرنەوە و، چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.
حەفتەی رابردوو، مایک پومپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ڤاتیکانەوە رایگەیاند: "حکوومەتی چین دیەوێ خەڵکی ئەو وڵاتە لە باتی خوداحکوومەت بپەرەستن!"
مانگی تەمووزی رابردوو، بیست وڵاتی دنیا لە لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، نامەیەکی هاوبەشیان بۆ چین نارد و داوایان لە حکوومەتی ئەو وڵاتە کرد چیدی ئۆیغۆرەکان و مسڵمانەکانی ئەو وڵاتە نەچەوسێنێتەوە و وازیان لێ بهێنێت.

 

و: د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler