تشرینی یەکەم 17, 2019

نیوۆڕك تایمز: سیاسەتی ئەمریكا گۆڕاوە

لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی فورات و پێ كردنی كڵۆپی سەوز بۆ توركیا تا داگیری بكات، رۆژنامەی (نیوۆڕك تایمز)_ی ئەمریكی ئاماژە دەدات كە سیاسەتی ئەمریكا گۆڕانی بەسەردا هاتوە، هەروەها رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)_یش، بۆچوونی بەرپرسێكی ئەمریكی وەرگرتوە و دەڵێت هیچ فیكرێكم نییە لەوڕوەوە.

(نیوۆڕك تایمز) لە راپۆرتەكەیدا دەنووسێت، كاریگەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و پەنتاگۆنیش نەیانتوانی رێگە لە ترامپ بگرن بەوەی پشت لە كورد نەكات.
رۆژنامەكە باس لە بڕیارێكی ترامپ دەكات، كە لە ٢٠١٨ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیدا، بەڵام لەژێر فشاری پەنتاگۆن و هەروەها دەزگای هەواڵگری ئەمریكا، ترامپ چاوی بە بڕیارەكەیدا خشاندەوە.
هەروەها دەنووسێت: ”لە چوارچێوە ئۆپەراسیۆنەكەدا، جارێ نازانرێت ئاخۆ ئۆپەراسیۆنەكە سنووردارە یان گشتگیرە؟ ئایە توركیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا تەنیا بە قۆڵایی ٣٢ كیلۆمەتر دەچێتە پێشەوە یان زیاترە؟ ئەمانە جارێ روون نییە و نازانرێت بە چی ئالییەتێكە“.
روبین گالیگۆ ئەندانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، قسەی بۆ (نیوۆڕك تایمز) كردوە و ئاماژەی داوە، ئەگەر توركیا بچێتە ناو خاكی رۆژئاوا، دەبێتە هۆكارێكی جیدی تا نائارامی لە رۆژهەڵاتی فورات سەر هەڵبدات و ئەوەی دروستیش بوە دەكەوێتە مەترسییەوە.
دەڵێت: ”ئیدی كوردەكان هیچ متمانەیەكیان بە ئەمریكا نامێنێت و بە دوای هاوپەیمانێكی تردا دەگەرێت“.
بەرپرسێكی سەربازی ئەمریكا كە نەیویستوە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) كردوە و، دەڵێت بۆ ئەوەی لە سووریا داعش دووبارە سەر هەڵنەداتەوە، پێویستی بە هێزی كوردەكانە، بۆیە نازانرێت ئایە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا سومبولییە یان گشتگیرە.
ئەو بەرپرسە دەڵێت: ”شتێكی تریش هەیە گرنگە، رەنگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا، یەپەگە هەموو ئەو چەكدارانە ئازاد بكات كە سەر بە گروپی تیرۆرستی داعشن، ئەمەش كارەساتێكی گەورە لە ناوچەكە دروست دەكات“.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler