ئایار 29, 2020

ئەمریکا هێرشی سایبری کردە سەر دامەزراوە نەوتی و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران

هەندێک لە ڕاگەیاندنە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکان، پشتبەستوو بە ڕاپۆرتی گرووپێک بە ناوی "نێت بلاکز" و بەڕێوەبەرەکەی "ئاڵپ تاکرز" کە بەدوای ژێرخانە ئەنتەرنێتییەکانەوەن، شەممە ٣٠ی خەرمانان/٢١ی سپتەمبەر باسی هێرشی سایبری و نهێنی ئەمریکای بۆ سەر هەندێک لە دامەزراوە نەوتی و ژێرخانە ستراتیژییەکانی وڵاتی ئێران کرد.
‌‏
ڕاگەیاندنە جیهانییەکان بانگەشەی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ئەم هێرشە سایبرییانە، کاردانەوەیەک بووە بە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ کە لە ٢٣ی خەرمانان درایە پاڵ ئێران. لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتانە، هێرشە سایبرییەکەی ئەمریکا هەینی ٢٩ی خەرمانان ژمارەیەک لە ژێرخانە ستراتیژی و دامەزراوە نەوتییەکان و هەندێک لە دامەزراوە ئەنتەرنێتییەکانی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
بەڵام "ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکاری ئیفتای سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی"، بە خێرایی و ڕۆژی شەممە لە کاردانەوەیەدا، "ڕوودانی ئەم هێرشە سایبرییەی بە درۆ خستەوە" و لە هەمان کاتیشدا، "لە هەموو هەواڵدەری و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، یەکسەر و ڕۆژی شەممە دەستیان کرد بە ڕەتکردنەوە و بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە و داوایان لە خەڵکی کرد کە بێ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ هیچ کات بڵاوی نەکەنەوە.
بەم شێوەیە ئێران پاش "بەدرۆخستنەوە"ی وەها هەواڵێک، خوازیاری سانسۆڕی ئەم هەواڵە لە لایەن ڕاگەیاندنەکان و تەنانەت چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو. وەزارەتی نەوتی ئێرانیش شەممە، بڵاوی کردەوە کە "هەموو چالاکییەکانی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران بەردەوام و پارێزراوە".
مارک ئیسپێر وەزیری بەرگری ئەمریکا هەینی ٢٠ی سپتەمبەر گوتی دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا لە پاش هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان ڕازی بووە بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ژەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ستادی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاش بە گوتنی ئەوەی کە هێشتا بڕیار لەسەر ناردنی هێزەکانمان بۆ سعودیە و ئیمارات نەدراوە، باسی لەوە کرد کە بەرگرتن لە هێرشی سەر عەرەبستان تەنیا بە سیستەمی پەدافەندی ئاسمانی مەحاڵە و سەرکەوتوو نابێت.
دۆناڵد ترامپ پێداگری لەوە کردەوە کە سیاسەتەکانی خانەخوێی بەرامبەر ئێران نیشان دەدات، خۆ دەنا هەمووان دەزانن کە ئەرتەشی ئەمریکا لە ئەرتەشە بەهێزەکانی دونیایە و ئەگەر بیهەوێت دەتوانێت بە چرکەیەک شەڕ هەڵگیرسێنێت، بەڵام ئەم کارە ناکات، ئەمەش نیشاندەری هێزی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ئەمریکایە.
واپێدەچێت ڕۆژی هەینی لە کاتی پێدانی پێشنیارە جیاوازەکان لە لایەن پنتاگۆنەوە بە دۆناڵد ترامپی سەرکۆماری ئەمریکا لەسەر ئێران، ترامپ لەگەڵ هێرشی سایبری ڕازی بووبێت و ئەم هێرشەش بە یەکێک لەو پێشنیارانە دادەنێن.
حوسەین سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، ڕۆژی شەممە هەڕەشەی لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کرد کە ئەگەر بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران بکەنەوە، ئێران "دەوەشێنێت و خێرا وەڵام دەداتەوە و بەرپرسیاریەتییەکەشی دەگرێتە ئەستۆ".

© 2017 Hawler