ئایار 29, 2020

ئیسرائیل سیخوری به‌سه‌ر تڕه‌مپدا كردووه‌؟

بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری (پۆلیتیکۆ)ی ئەمریکی، ماوەی دوو ساڵ کۆمەڵێک ئامێری سیخوڕی بەسەر مۆبایلەوە لە نزیک کۆشکی سپی و لە شوێنە هەستیارەکانی واشنتن دی سی جێگیرکراون، بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژ دەکەن. بە گوتەی بەرپرسانی پێشووی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئامێرەکان بۆ سیخوڕی بووە بەسەر سەرۆکی ئەمریکاوە، بەڵام کۆشکی سپی هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر ئیسرائیل نەنواندووە.

ئامێرەکان کە بە "ستینگ رەیز" ناسراون، ئاماژەی هەڵخەڵەتێنەر بۆ مۆبایلەکان دەنێرن و لەو رێگایەوە شوێنی مۆبایلەکە و ناوەڕۆکی پەیوەندییەکان و داتاکانی وەردەگرن. یەکێک لەو سێ سەرچاوەیەی قسەیان بۆ گۆڤارەکە کردووە، دەڵێ: “ئەگەری زۆرە ئەو ئامێرە بۆ سیخوڕی بەسەر سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و راوێژکارە باڵاکانیەوە دانرابێ”، بەڵام دیار نییە ئاخۆ هەوڵەکەی ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە یان نا.
ترەمپ بەوە بەناوبانگە کە تەلەفۆنی "نەپارێزراو" بۆ پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی بەکاردەهێنێ. رێک ساڵێک لەمەوبەر، رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە “سیخوڕە چینییەکان گوێ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ترەمپ دەگرن”. سەرۆکی ئەمریکا راپۆرتەکەی رەتکردەوە.
سەرچاوەکانی گۆڤارەکە پێشتر لە پۆستی باڵای هەواڵگری و ئەمنیی ئەمریکادا کاریان کردووە. یەکێکیان دەڵێ ئێف بی ئای سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکانی دەکرد، ئامانجیش ئەوە بوو شتێکی کەمیان دەستبکەوێ لەبارەی مێژووی ئامێرەکان، ئەو شوێنەی پارچەکانی ئامێرەکەی لێ دروستکراوە، تەمەنی هەرکام لە ئامێرەکان و ئەو وڵاتەی کە خاوەنی ئەو جۆرە ئامێرەیە.
 بەرپرسێکی باڵای پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێ: “زۆر روون دیارە کە ئیسرائیلییەکان بەرپرسیارن لەو هەوڵە”.
ئیلاد شتومایەر، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەمریکا، رەتیدەکاتەوە ئامێریان دانابێ و دەڵێ: “ئەم تۆمەتانە قسەی پووچن. ئیسرائیل کاری سیخوڕی لەناو ئەمریکا ناکات”. کاربەدەستانی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا ئەو لێدوانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن ئیسرائیلییەکان لە کۆبوونەوە داخراوەکانیشدا هەمان شتیان بە هاوتا ئەمریکییەکانی خۆیان گوتووە.
یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێ، دوای لێکۆڵینەوەکانی ئێف بی ئای و دەرکەوتنی ئەوەی کە ئیسرائیل لە پشت ئەو هەوڵەوە بووە، ئیدارەی ترەمپ هیچ هەوڵێکی بۆ “تەمبێکردن”ی ئیسرائیلییەکان نەدا و تەنانەت لە کۆبوونەوە تایبەتەکانیش رەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیل نەگرت.
بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئیدارەی ترەمپ بە گۆڤارە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، مەترسیی سیخوڕی تەنیا لەسەر بەرپرسانی باڵا نییە، بەڵکو لەسەر ئەو کەسانەشە کە ئەو بەرپرسانە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵیان هەیە. ترەمپ پەیوەندیی نزیک و بەردەوامی لەگەڵ رودی جولیانی پارێزەری و شان هەنیتی، پێشکەشکاری فۆکس نیوز هەیە. بەرپرسەکە دەڵێ: “کەسانی نێو بازنەی ترەمپ ئامانجی ئەو هێرشە سیخوڕییانەن”.
دیاردەی سیخوڕی بەسەر بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکاوە لە واشنتن شتێکی نوێ نییە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەکە، زۆر نین ئەو وڵاتانەی توانا یان پارەی پێویست بۆ دانانی ئەو ئامێرانەیان هەبێ کە لە نزیک کۆشکی سپی دۆزراونەتەوە، هەر بۆیە پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژ دەکرێ.

© 2017 Hawler