ئایار 29, 2020

داوای یاسایی لەسەر سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرا تۆمار كرا

بە تۆمەتی ئەوەی پێگەی خۆی بە خراپی بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندی خۆی، بۆیە داوای یاسایی لەسەر مەنسوور یاڤاش سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرا تۆمار كرا و، پارێزەرەكەشی دەڵێت تۆمەتەكە بنەمای نییە و هەڵبەستراوە.

بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، مەنسوور یاڤاش كاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆكی شارەوانی، لە لایەن ئەكەپەوە تۆمەتبار كرا بەوەی ئەوكاتەی وەكو پارێزەر كاری كردوە، سەنەدێكی دەستكاری كردوە بۆ ئەوەی بتوانێت داوا یاسایەكە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێ بهێنێت.
بەڵام هەموو ئەو دەنگۆ و تۆمەتانە كاری لە دەنگدەری ئەنكەرا نەكرد، بەڵكو ئەوان دەنگیان بە مەنسوور یاڤاشدا و بوە سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرا.
بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی (جومهوریەت)_ی توركی، نەجمەدین كەسكین كە لەو سەنەدەی دەستكاری كراوە خۆی بە زوڵملێكراو دەزانێت، بۆیە داوای یاسایی لەسەر یاڤاش تۆمار كردوە و دەڵێت جاری یەكەم لەبەر پاراستنی گیانی خۆم نەچومەتە دادگا، بەڵام ئەمجارەیان دەچێت و داوای مافی خۆی دەكات.
موستەفا ئێكیچی پارێزەری تایبەتی یاڤاش، بۆ (حوریەت) قسەی كردوە و، دەڵێت هەموو ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان و ئەو كەسەشی داوای تۆمار كردوە، بە هۆی ئەوەی بێدەنگی خۆی و ئارامی خۆی چەند مانگە راگرتوە و ئێستا دووبارە دەنگی بەرز دەكاتەوە بۆ خۆی تاوانە.
هەروەها ئاماژەی دا كە تۆمەتەكان بێ بنەمان و هەڵبەستراون.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler