تەمموز 03, 2020

بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەكەپە ١٠٪ی دەنگەكانی كەمی كردووە

دوای ئەوەی حوسییەكانی یەمەن بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیان كردە سەر كۆمپانیا نەوتییەكانی سعوودیا، نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بوەوە، رۆژنامەیەكیش دەڵێت ئەوەی زیانی زۆری بەر دەكەوێت لەو قەیرانەدا توركیا و ئەرژەنتینە.

رۆژنامەی (فینانشیال تایمز) لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردوەتەوە، دوای كەمبوونەوەی ٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی سعوودیا بۆ بەندەرەكانی جیهان بە هۆی ئەو پەلامارەوە، كێن ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان پێ دەگات و ئەوانەشی قازانج لەو قەیرانە دەكەن؟
رۆژنامەكە ئاماژەی داوە، یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا دووچاری هەڵاوسانی ئابووری دەبن، بەڵام ئەوان دەتوانن لەو قەیرانە خۆیان رزگار بكەن و كاتی زۆریان ناوێت.
هەروەها ئاماژەی داوە، بە هۆی ئەوەی توركیا و ئەرژەنتین هەڵاوسانی ئابووریان زۆر بەرزە و، هەروەها دووچاری قەیرانێكی سەختی دارایی بوونەتەوە، بۆیە زۆرترین زیان بەر توركیا و ئەرژەنتین دەكەوێت و، ئەوان بە ئەستەم دەتوانن لێی دەربچن.
رۆژنامەی (سوزجو)_ی توركیش بڵاوی كردوەتەوە، بۆ توركیا زۆر ئەستەم دەبێت بتوانێت لەو قەیرانەی نەوت خۆی رزگار بكات، چونكە توركیا هەڵاوسانی ئابووری بەرزە و ناتوانێت بەرگەی ئەو قەیرانە بگرێت.
ماوەی ٢ رۆژ دەبێت، واتە لەوكاتەوەی نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بوەتەوە، لە توركیا نرخی بەنزین و گازوایل نزیكەی نیو لیرەیەك بۆ هەر لیترێك زیادی كردوە.
بەرزبوونەوەی نرخی گاز و بەنزین زیانی زۆر بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت، چونكە لە لایەك نرخی تەكسی و پاس گران دەبێت ئەگەر بەرزبوونەوەكە بەردەوام بێت و رێگە چارەی بۆ نەدۆزرێتەوە، لە لایەكی ترەوە ئەو هاووڵاتییانەی سەیارەی خۆیان بەكاردەهێنن ئەوانیش زیانیان پێ دەگات.
زۆربەی شارەزایانی بواری ئابووری لە توركیا، پێیان وایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، بەهای لیرەی توركیش دادەبەزێنێت، چونكە گرانبوونی نەوت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریشە لە توركیا.
لە ماوەی ٢ رۆژی رابردوو بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە، ئەگەرچی دابەزێنەكە زۆر نییە و كەمە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیك ئەو دابەزینە ئاستێكی پێوانەیی تۆمار بكات.
یاڵچن دۆغان نووسەری دیاری توركیا، لە ماڵپەڕی (T24)_ی توركی بابەتێكی بڵاوكردوەتەوە و، پێی وایە قەیرانی ئابووری لە توركیا بەم حكوومەتەی ئێستا چارەسەر ناكرێت.
ئەو وتەیەكی رەجەب تەییب ئەردۆغان دەهێنێتەوە، كە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی گوتی ئەم قەیرانە كاتییە و دوای هەلبژاردن كۆتایی پێ دێت. كەچی قەیرانەكە سەختتر بوە.
دۆغان هیچ دڵخۆش نییە بە ئاییندەی ئابووری توركیا، ئەو دەڵێت ئابووری توركیا بە شێوەیەك دووچاری هەڵاوسان بوە، چارەسەركردنی بوەتە ئەستەم.
یەكێك لەو هۆكارانەشی وای كرد ئەكەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا دووچاری شكست ببێتەوە، ئەو قەیرانە داراییەیە كە دووچاری وڵات بوەتەوە و نەتوانراوە بەری پێ بگیرێت.
بە گوێرەی دەزگاكانی راپرسی لە توركیا، دەنگەكانی ئەكەپە بەرێژەی ١٠٪ كەمی كردوە، واتە ئەگەر بەیانی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دەنگەكانی ئەكەپە ٣٣٪ دەبێت، ئەمەش دەریدەخات كە ئەو پارتە زۆرینەی لە دەست داوە. هۆكاری ئەو پاشەكشەیەی ئەكەپەش یەكێك هۆكارەكان ئەو قەیرانە داراییەیە كە نەتوانراوە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

© 2017 Hawler