ئەیلول 19, 2019

دادگای توركیا دیسان لە بەرژەوەندی دەمیرتاش بڕیاری دا

هەفتەی رابردوو دادگای ١٩ی تاوانە قورسەكانی ئەنكەرا، لەبارەی دۆسیەی تێوەگلانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لە تیرۆر، بڕیاری دا كە ئەو تۆمەتە هیچ بنەمایەكی نییە و پێویستە لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە دەمیرتاش ئازاد بكرێت. دوای ٦ رۆژ دادگای ئەنكەرا تانەی لە بڕیارەكەدا و گوتیان پێویستە لەسەر هەمان دۆسییە بە سزای خۆی بگات، بەڵام دادگای تاوانە قورسەكانی ئەنكەرا ئەو داوایەی رەتكردەوە و بڕاندییەوە كە لەسەر ئەو دۆسیەیە دەمیرتاش دەبێت ئازاد بكرێت.

بە هۆی ئەوەی دەمیرتاش لەسەر چەند دۆسیەیەكی تر دادگایی كراوە و سزای بەسەردا سەپێنراوە، بۆیە لەوڕوەوە نەتوانرا ئازاد بكرێت و هەر زینداندا مایەوە.
لە ٤_١١_٢٠١٦ سەلاحەدین دەمیرتاش و ٩ ئەندام پەرلەمانی تری هەدەپە دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەریان زیندانی كران، ئەو تۆمەتەی درابوە پاڵیان چەند تۆمەتێك بوو كە زۆربەیان دەچوە چوارچێوەی (تیرۆر)_ەوە.
چەند پارێزەرێكی دەمیرتاش، قسەیان بۆ ماڵپەڕی (BBC) توركی كردوە و، ئەوان پێیان وایە بە هۆی ئەوەی دادگای تاوانە قورسەكان رەتی كردەوە دەمیرتاش لەسەر ئەو دۆسیەیە سزا بدرێت یان دووبارە دادگایی بكرێتەوە، بۆیە لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە ئیدی بڕایەوە كە هیچ سزایەك نادرێت و ئەو دۆسیەیە لە دادگای ئەنكەرا دادەخرێت.
بە گوێرەی گوتەی ئەو پارێزەرانە، دەمیرتاش لەسەر دۆسیەكانی تری كە دادگایی كراوە، ٥٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاوە، ماوەی ٣٥ مانگیش دەبێت دەمیرتاش لە زیندانە، بۆیە لەرووی یاساییەوە هەر تاوانبارێك سێ لەسەر چواری سزاكەی وەرگرتبێت، لەبارەی ئەو سزایەی كە پێشووتر بەسەریدا سەپاوە دەكرێت كەم بكرێتەوە و ئازاد بكرێت.
پارێزەران ئاماژە دەدەن كە دەتوانرێت لەو ٥٦ مانگە دەمیرتاش تەنیا ٤٢ مانگ سزا بدرێت و بۆ ئەمەشیان تەنیا ٧ مانگ ماوە بۆ ئازاد كردنی، بۆیە وەكو پارێزەران داواكارییان داوەتە دادگا و وەزارەتی داد تا دەمیرتاش ٧ مانگی تر ئازاد بكرێت.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ١٨ی ئەم مانگە بڕیاری كۆتایی لەبارەی دەمیرتاش دەدات
بڕیارە لە ١٨_٩_٢٠١٩ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی كەیسی دەمیرتاشەوە بڕیار بدات، بەوەی ئاخۆ پێویستە ئازاد بكرێت یان نا.
لە ٢٠_١١_٢٠١٨ ئەو دادگایە بڕیاریدا كە دەمیرتاش و هاوڕێكانی پێویستە دەست بەجێ ئازاد بكرێن، چونكە هیچ بەڵگەیەك ئاشكرای نەكردوە تیرۆرست بن. هەروەها بڕیاریدا كە پێویستە حكوومەتی توركیا بڕی ١٠ هەزار یۆڕۆ وەكو قەرەبووی مەعنەوی بداتە دەمیرتاش و ١٥ هەزار یۆڕۆش وەكو خەرجی دادگا و قەرەبووی كەسی بداتە دەمیرتاش.
بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان لەبارەی ئەو بڕیارەوە لە وتارێكدا گوتی: ”بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و جێبەجێی ناكەین“. ئەمەش لە كاتێكدایە كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە و ئەندامێكی كاراشە.
بۆیە پارێزەرەكانی دەمیرتاش، داوایەكیان پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتی گەورەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا كرد، كە دووبارە بڕیار لەبارەی كەیسەكەوە بدەن، چونكە توركیا رەتی كردوەتەوە دەمیرتاش ئازاد بكات، بۆیە دادگاش بڕیاریدا ١٨ی ئەم مانگە لە فەڕەنسا لە شاری (سترازبورگ) دیسان بڕیار لەبارەی كەیسی دەمیرتاشەوە بدات.

© 2017 Hawler