کانونی یەکەم 08, 2019

هۆنگ کۆنگییەکان هاوارى ڕزگارکردنیان بۆ ئەمریکا دەبەن

هەزاران کەس لە ناڕازییانی هۆنگ کۆنگ ڕۆژی یەکشەممە ١٧ خەرمانان بە گووتنەوەی سروودی نیشتمانى ئەمریکا (ئاڵای ئەستێرەدار)، داوایان لە دۆناڵد ترامپ ـى سەرکۆمارى ئەو وڵاتە کرد تا هۆنگ کۆنگ لە دەستی چین ئازاد بکات.

هۆنگ کۆنگ لە مانگەکانی ڕابردوودا بە بەردەوامی خۆپێشاندانى تێدا بووە و رۆژی یەکشەممە خۆپێشاندەران بە هەڵدانی چەتر داواکارییەکانى خۆیان بۆ بوونى دیموکراسی دووپات کردەوە. خەڵکی ناڕازی بە پێشکەشکردنی خواستەکانیان بە واژووکراوى دایە کۆنسولگەری ئەمریکا تا "بۆ ئازادی بەشەڕ بێن و لەگەڵ هۆنگ کۆنگ بن".
ئەو ناڕەزایەتیانە دژى گەڵاڵەی ڕادەستکردنەوەی تاوانباران بە چین لە مانگی خاکەلێوەدا دەستی پێ کرد، ئەگەرچی دەوڵەت دواتر گەڵاڵەکەی کشاندەوە و بە یەکجاری لای برد، بەڵام ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان پێ نەهات. خەڵکی ناڕازی هۆنگ کۆنگ وێرای داواکردنی هەڵوەشانەوەی گەڵاڵەی ڕادەستکردنەوەی زیندانیان بە چین، هاوکات خوازیاری لێکۆڵینەوە بوون لە تووندوتیژییەکانى پۆلیسی ئەو شارەن لەگەڵ خۆپێشاندەران.
بە بڕوای شرۆڤەکاران هۆکاری ئەو نائارامیانە دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی سیاسی لەو ناوچە نیوەخۆبەڕێوەبەرە لە دوای کۆتایی داگیرکاری بەریتانیاییەکان لە ساڵی ١٩٧٧ و پەیوەستبوونی هۆنگ کۆنگ بە کۆماری گەلی چین. خەڵکی ناڕازی هۆنگ کۆنگ دەڵێن سەرقاڵی خەبات دژی سیستەمی "یەک وڵات و دوو سیستەم"ـن کە لە سەردەمی بەدەستەوەدانى هۆنگ کۆنگ لە لایەن بەریتانیا بە چین دەستی پێ کردووە.
مانیفێستی یەک وڵات و دوو سیستەم لە دەیەی هەشتای زایینی ڕێکخراوە و مافی بوونی سیستەمی سەربەخۆی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی بە ناوچەی خۆبەڕێوەبەری هۆنگ کۆنگ دراوە تا ٥٠ سال دوای دانەوەی بە چینییەکان و ئەمەش گرەنتی کراوە. ناڕازیان ڕۆژی یەکشەممە داوایان لە واشنتۆن کرد گەڵاڵەیەک بە ناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤی هۆنگ کۆنگ پەسەند بکات و پشتیوانی لێ بکات.

© 2017 Hawler