ئەیلول 21, 2019

بە دەستگیركردنی جانان بارودۆخی ناوەخۆیی توركیا دەشڵەژێت

لە كاتێكدا هەموو نووسەر و میدیاكانی توركیا باسیان لە ئەگەری دوورخستنەوەی ئەكرەم ئیمامئۆغلو دەكرد لە سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ، كەچی دادوەری ئیستەنبۆل بڕیاری ٩ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی بۆ جانان كەفتەنجیئۆغلو سەرۆكی لقی ئیستەنبۆڵی جەهەپە دەركرد، بە هۆی ئەوەی ٧ ساڵ بەر لە ئێستا لە چەند پۆستێكدا لە تویتەر هێڕشی كردوەتەوە سەر رەجەب تەییب ئەردۆغان و یاساكانی توركیا.

ئەگەرچی كەفتەنجیئۆغلو جارێ دەستگیر نەكراوە، چونكە بڕیارەكە چوەتە دادگای تێهەڵچوونەوە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو دەستگیری بكەن.
دەیان نووسەری توركیا پێیان وایە ئەم بریارەی دادگا سیاسییە نەك یاسایی، چونكە ناكرێت ٨ ساڵ بەر لە ئێستا چەند پۆستێكت كردبێت، كەچی ئێستا دادگا سزای بەسەردا بسەپێنێت.
یڵماز ئۆزدیل نووسەری دیاری توركیا لە پێگەی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی ”جانان باجی ئەو سەركەوتنە دەدات كە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٣ی حوزەیران جەهەپە بە دەستی هێنا. ئەو دەنگە دزراوەكانی گێڕایەوە، بۆیە سزای دەدەن“.
فەهمی كوڕوو نووسەری دیاری رۆژنامەی (خەبەر تورك) پێی وایە، ئەگەر جانان دەستگیر بكرێت. بارودۆخی ناوەخۆیی توركیا دەشەڵەژێت، چونكە جەهەپە تەنیا رەخنە ناگرێت، رەنگە خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجام بدات.
جانان لە پۆستەكانی خۆیدا كە لە ٢٠١٣ نووسیویەتی، ئەردۆغانی بە دز و پیاوكوژ ناوزەند كردوە، هەروەها لە پۆستێكی تردا پشتگیری لە سەركردەی دیاری پەكەكە ساكینە جانسس كردوە، كوشتنی ئەوی بە كارێكی تیرۆرستی چواندوە لە پاریس.
بە هەزاران هاووڵاتی ئیستەنبۆڵ لە بەردەم دادگادا ئامادەبوون كاتێك بڕیاری دەستگیركردنی جانان درا، ئەوان گوتیان تۆ بە تەنیا نیت و ئێمەت لە پشتە. هەروەها بە دەیان هونەرمەندی دیاری توركیاش پشتگیری لێ دەكەن و بڕیارەكەی دادگا بە ناعەدالەتی ناو دەبەن.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler