کانونی یەکەم 05, 2019

یەکیەتی ئەوروپا بە گۆڕانکارییەکانی ڕێکەوتنی برێگزیت ڕازی نییە

لەدوای هەڵبژاردنی (بۆریس جۆنسن) بەسەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، داوا لەیەکیەتی ئەوروپا دەکرێت دانوستانەکان دەستپێبکرێنەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتنێکی نوێ بەڵام یەکیەتی ئەوروپا تاوەکو ئێستا ڕەزامەندی نیشاننەداوە.

حکومەتی بەریتانیا سوورە لەسەر ڕوودانی برێگزیت لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کە (٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩) یە، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکارییەکانی دەستپێکردوە بۆ دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن لەئەگەری شکستهێنان بەهەوڵەکانی بۆ ڕێکەوتنێکی تازە لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپادا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) بەرپرسانی باڵای بەریتانیا دەڵێن برۆکسێل پێی گوتون گفتوگۆیەکان بۆ ڕێکەوتنێکی نوێ دەستپێناکەینەوە، وە لەئەگەری نەبوونی گفتوگۆیەکانیش بۆ ڕێکەوتنێکی نوێ، ڕێکەوتنەکەی پێشوتر جێی ڕەزامەندی ئەوان نیە و ئێستا دۆخەکە گەیشتۆتە بنبەست.
(مایکڵ گۆف) وەزیری کابینەی حکومەت و، بەرپرسی دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن گوتی،یەکیەتی ئەوروپا وادەردەکەوێ دانوستانەکان ڕەتبکاتەوە، ئەوەش جێی نیگەرانی قوڵە.
بەریتانیا داوایکردوە (باکستۆپ) لەڕێکەوتنەکەی پێشووی (تێریز مەی) لاببرێت و چارەسەری دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام یەکیەتی ئەوروپا ڕازی نیە و(باکستۆپ) لابات.
(باکستۆپ) کە بۆ چارەسەری سنووری نێوان ئێرلەندای باکوور و، کۆماری ئێرلەندا دانراوە مشتومڕێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و، بەریتانیا پێی ڕازی نیە و هەرئەوەش هۆکاری سەرنەکەوتنی ڕێکەوتنەکەی پێشوو بوو لە پەرلەمانی بەریتانیا.
بەپێچەوانەوە ئێرلەندا دەڵێ ڕێکەوتنەکەی پێشوو و بە (باکستۆپ)یشەوە جێی دانوستاندنکردنەوە نیە نابێ دەستکاری بکرێن.
ڕێکەوتنی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا سێ جار لە پەرلەمانی بەریتانیا ڕەتکرایەوە و شکستی هێنا، دوا وادە بۆ ئەوەی ڕێکەوتنێکی نوێ بکەن یان دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن ئەنجامدەن ئەوا (٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩) ی بۆ دانراوە کە دەبێت بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا بچێتەدەرێ.
هەر لەسەر ئەو مشتومڕە تازانەی سەر برێگزێت، ڕۆژی دووشەممەی رابردوو دانوستانکارانی یەکیەتی ئەوروپا بە دایبلۆماتانی یەکیەتی ئەوروپایان ڕاگەیاندوەلە ئێستادا هیچ بنچینەیەک نیە بۆ ئەوەی گفتوگۆی ماناداری لەسەر دروستبکەنەوە، وە گفتوگۆیەکان گەڕاونەتەوە سەر خاڵی دەستپێک.
دیارە یەکیەتی ئەوروپاش لەسەر ئەو پرسە قسەی خۆی هەیە و، چەند بەرپرسێکی باڵای یەکیەتی ئەوروپا ئاماژەیان بەوەداوە کە دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن یەکێکە لەسیناریۆیە ناوەندەکانی حکومەتی بەریتانیا، ئاڕاستەکانیان بەو ئاقارەدایە.

ڕاستیەکان:
وێڕای ئاڕاستەکردنی قسەکان بەیەکتری لەنێوان بەرپرسانی بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا لەسەر پرسی برێگزیت، بەڵام (ئادەم فلیمینگ) پەیامنێری بی‌بی‌سی لە برۆکسێل گوتی، یەکیەتی ئەوروپا لەوە دەگەڕێ چۆن مامەڵە لەگەڵ (بۆریس جۆنسن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیادا بکات، ئەو کە دووپاتیکردۆتەوە ئامادەنیە ئەو شتانە بدات کە لەڕێکەوتنی پێشوودا یەکیەتی ئەوروپا داوایکردون، واتە هەوڵدەدەن شێوەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێ بدۆزنەوە.
لەڕاستیدا یەکیەتی ئەوروپا هێشتا کۆڵی نەداوە و ئەو پرسەی بەتەواوەتی ڕەتنەکردۆتەوە، هەموو چاوەکان لەسەر لوتکەی گروپی حەوتن کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئاب لە فەرەنسا ببەسترێ و، لەوێ چاوەڕێدەکرێ دەرفەتێک بۆ چەقبەستووی پرسی برێگزیت بێتەپێشەوە، زۆر لە سیاسیەکان لەو باوەڕەدان کە ئەو کاتە کاتێکی گرنگ دەبێ بۆ شکاندنی ئەو بەربەستە.
حکومەتی بەریتانیا لە ئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ دەرچون بەبێ ڕێکەوتن، وە بۆ ئەو مەبەستەش نزیکەی (٢،١ ملیار) پاوەندی تەرخانکردوە کە دوو ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیەیە کە پێشتر بۆی دیاریکرابوو.
پلانەکان بۆ دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن بریتین لە گرنگیدان بە هێزەکانی ئاسایشی سنووری و، نوێکردنەوەی دامەزراوەکانی گواستنەوەی بەندەرەکان و، تەرخانکردنی پارە بۆ باشترکردنی هاتوچۆ و ڕێگریکردن لە خنکانی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لەسەر سنوور بەهۆی دانانەوەی بازگەی پشکنینی سنووری.
(مایکڵ گۆف) لەو بارەیەوە گوتی، هەنگاوەکانی حکومەت بۆ دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن بەرزبونەوە بۆ ئاستێکی زۆر باش و، ئامادەکارییەکان بەردەوامن. هەروەها گوتیشی، پلانی ئێمە بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا لەوادەی (٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩)دا کاتێکی جیدیە و دیاریکراوە و، وە ئێمە ئامادەین لەو کاتەدا بەهەر شێوەیەک بێت یەکیەتی ئەوروپا بەجێبهێڵین.
لەڕاستیدا ئەو یەکەمجارنیە کە پرۆسەکانی برێگزیت گەیشتونەتە بنبەست و پێشتریش ئەوە ڕوویداوە، ئاماژەی ڕوونیش هەن کە هەردوولایان دەڵێن ئامادەن گفتوگۆ ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی ڕێگریبکەن لەوەی بەریتانیا بەبێ ڕێکەوتن لەیەکیەتی ئەوروپا بچێتەدەرەوە.
شیاوی باسکردنە، بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا گفتوگۆیەکانیان دەستپێناکەنەوە چونکە هەر لایەیان پێگەی بەهێزی خۆی دەبینێ و، بەداواکارییەکانی ئەوی دیکە ڕازی نیە.
هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە نەهێڵن بەریتانیا بەبێ ڕێکەوتن لەیەکیەتی ئەوروپا جیاببێتەوە، ئێستا پەرلەمانی بەریتانیا لە پشوی هاوینەیدایە و لە مانگی ئەیلول کاتێ دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستیانپێکردەوە چاوەڕێدەکرێ ڕێگری بکەن لەو هەوڵانەی کە بەئاڕاستەی دەرچوونن بەبێ ڕێکەوتن.
بەڕێز (جۆنسن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سوورە لەسەر ئەنجامدانی برێگزیت لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا و دەڵێ، ئەگەر یەکیەتی ئەروپا هاتەپێشەوە ئەوا دەکرێ ڕێکەوتنێکی باشتر لەوەی ئێستا بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووینەدا ئەوا بەریتانیا ڕێچکەی خۆی ناگۆڕێت و برێگزیت روودەدات.
شارەزاییان دەڵێن زوو یان درەنگ، ئەگەر هەردووکلایان بەڕاستی بیانەوێت ڕێگری بکەن لەدەرچوون بەبێ ڕێکەوتن ئەوا دەبێت یەکێکیان لە داواکارییەکانی خۆی داببەزێت و سازش و ڕێکەوتن بکات.
ئەگەر دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن ڕووبدات ئەوا ئاکامی خراپی دەبێت بۆ بەریتانیا و بۆ یەکیەتی ئەوروپاش، لەماوەی شەوو ڕۆژێکدا بەریتانیا لە بازاڕی هاوبەشی یەکیەتی ئەوروپا و، لە یەکیەتی باج و دەرامەت دێتەدەرێ. دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن مانای دەرچوونی بەریتانیایە لە دامەزراوە دادوەرییەکانی یەکیەتی ئەوروپا و یۆرۆپۆل. وە دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن کۆتایهێنانە بەزۆر گرێبەستە و ڕێکەوتنەکانی بواری بازرگانی.
هەروەها لە زۆر بواردا کاریگەری دەبێت، کاریگەری لەسەر تاکیش دەبێت لەزۆربەی بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەیاندا لەوانە نرخی خۆراک و کەلوپەلەکان بەرزدەبێتەوە و، زۆربەی شارەزاییانی بواری ئابووری لەو باوەڕەدان کە کاریگەری و زیانی گەورەی بۆ سەر ئابووری هەمەلایەنە دەبێت. هەروەها لەڕووی سنورییەوە دەبێتەهۆی دواکەوتن لە هاتوچۆدا و، پشکنینی هاوڵاتیان زیاددەکات و، نرخی هاتوچۆ و، پیترۆلیش بەرزدەبێتەوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler