ئاب 22, 2019

گرنگی رۆژهەڵاتی فورات لە چی دایە؟

رۆژهەڵاتی فورات، كە توركیا بەردەوام هەڕەشە دەكات بەوەی هێرشی دەكاتە سەر و، چەكدارانی یەپەگەش لەو ناوچەیە دەر دەكات، بەڵام ئەگەر بە رودی لەو ناوچەیە ورد ببینەوە، دەردەكەوێت كە مەبەستی توركیا تەنیا دەركردنی یەپەگە نییە، بەڵام بوونی یەپەگەی كردوەتە بەهانەیەك تا بتوانێت لە خێر و بێری ئەو ناوچەیە بخوات.

بە گوێرەی زانیارییەكانی. رۆژنامەنووس (زەیبەن لوولە) كە لە ماڵپەڕی (T24)_ی توركی بڵاوی كردوەتەوە، رۆژهەڵاتی فورات، لە رووی نەوت و گازی سروشتییەوە زۆر دەوڵەمەندە، بە تایبەت حەسەكی، قامشلو و دێرەزوور.
دیارە چەكدارانی یەپەگە لەوكاتەوەی ئەو ناوچەیەیان خستوەتە ژێر ركێفی خۆیانەوە رۆژانە نەوتی ئەو ناوچەیە دەفرۆشن و ئەمریكاش چەكی قورس و سووكیان دەداتێ، واتە بە پارەی نەوت ئەمریكا یەپەگەی كردوەتە خاوەن چەكێكی زۆر. ئەمەش هەر بە گوتەی زەینەل.
لەڕووی كشتوكاڵیشەوە ئەو ناوچەیە زۆر دەوڵەمەندە، بە تایبەت سەوزە و میوە و زەیتوون، كە دەركردەی تەواوی سووریای دەكەن و داهاتێكی باشیشی بۆ یەپەگە كۆ كردوەتەوە.

ژمارەی چەكدارانی یەپەگە چەندن؟
لە لایەكی ترەوە، دوای ئەوەی توركیا و سوپای سووریای ئازاد هێرشیان كردە سەر عەفرین و داگیریان كرد، زۆربەی چەكدارەكانی یەپەگە روویان لە رۆژهەڵاتی فورات كرد و قورسایی خۆیان هەمووی لەو شوێنە كۆ كردوەتەوە، بۆیە میدیاكانی توركیا پێیان وایە ژمارەی چەكدارانی یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فورات ٥٠ هەزار دەبێت.
رۆژنامەی (سوزجو)_ی توركی ئاشكرای دەكات، ئەو چەكدارانەی یەپەگە هەموویان راهێنانیان لە لایەن هێزی هاوپەیمانانەوە پێ كراوە، لەرووی شەڕكردنەوە هەموو كەلوپەل و ئامادەكارییان كردوە، بۆیە توركیا بەر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن پێویستە ئەو بیرانەی كردبێتەوە.
هەر لە رۆژهەڵاتی فوراتدا دەیان بنكەی سەربازی هێزی هاوپەیمانان بوونی هەیە، بە تایبەت ئەمریكا، بۆیە ئەگەر توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات، رووبەرووی ئەو هێزانە دەبێتەوە، بە تایبەت كاتێك ئەمریكا بە فەرمی توركیای ئاگادار كردەوە، كە نابێت ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات ئەنجام بدات.
رۆژنامەی (یەنی ئاكید) كە سەر بە ئەكەپەیە، لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات، ئەگەر بێت و ئاسمانی رۆژهەڵاتی فورات بەڕووی توركیادا بكرێتەوە، ئۆپەراسیۆنەكە زۆر بە پەلەیی ئەنجام دەدرێت.
باسی لەوەش كردوە كە حكوومەتی سووریا بۆ ئەوەی تیرۆر لەناو ببات، پێویستە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بەڕووی توركیا بكاتەوە و ئەمریكاش چاوپۆشی لەو ئۆپەراسیۆنە بكات.
ئەمریكا و هێزی هاوپەیمانان، بە ملیۆنان دۆلاریان لە چەكدارانی هێزەكانی سووریای دیموكرات خەرج كردوە، كە بەشێكی زۆریان سەر بە یەپەگەن، بۆیە ئەگەر رێگە بە توركیا بدەن بە ئارەزووی خۆی وەكو چۆن عەفرینی داگیر كرد ئەوێش داگیر بكات، ئەوكات بێمتمانەیی ئەوروپا و ئەمریكا بەرامبەر بە یەپەگە ئاشكرا دەبێت، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەمریكا بە هۆی رای گشتی وڵاتەكەی دەست بەرداری یەپەگە نابێت.
ئەگەر بێت و ئەمریكاش پشت لە یەپەگە بكات و روو لە توركیا بكات، لەرووی سیاسەتی دەرەوەیدا دووچاری ئیحراجییەكی زۆر دەبێت و ئیدی متمانەی بەرامبەر هەموو هاوپەیمانەكانی لە دەست دەدات، بۆیە پشت كردن لە یەپەگە بۆ ئەمریكا كارێكی زەحمەتە.
توركیا نایەوێت ئەوەی لە مەیدانی شەڕدا بە دەستی هێناوە، لەسەر مێزی گفتوگۆ لە دەستی بدات، بۆیە بە دوای رێگە چارەیەك دەگرێت بە دڵی هەموو لایەنەكان بێت.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler