ئاب 18, 2019

ئەمەریکا هەوڵدەدات هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا ڕابگرێت

گرژییەکان لەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی تورکیا بۆ ناو خاکی سووریا تادێ بەرەو زیادبوونن و بەرپرسانی باڵای تورکیاش ئەوەیان دووپاتکردۆتەوە کە ئەو هێرشە ئەنجامدەدەن.

ئەمەریکا کە پاڵپشتی هێزەکانی یەپەگەی سووریا دەکات و، هێزی سەربازی لەسووریادا هەیە هەوڵەکانی چڕکردونەتەوە بۆ ڕازیکردنی بەرپرسانی تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارام بەڵام بە پێشنیار و پرۆژەیەکی دیکە کە جیاوازە لەوەی تورکیا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (واشنتن‌پۆست) لەکاتێکدا گرژییەکانی ئەو دواییەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەبەرزبونەوەدان، ئەمەریکا هەوڵەکانی بەردەوامن لەگەڵ تورکیا بۆ پێشپێگرتنی لە ئەو هێرشەی کە بەنیازە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامیبدات.
لەکاتێکدا کە تورکیا بەدەیان هەزار سەربازی لەسەر سنووری باشووری وڵاتەکەی بۆ ئەو هێرشە تازەیە کۆکردۆتەوە، لەسەر ئاستێکی باڵا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبونەتەوە.
ئەو کۆبونەوەیە لەکاتێکدایە کە ساڵانێکە لەنێوان ئەمەریکا و تورکیا کە هەردووکیان ئەندامی ناتۆن و هاوپەیمانی ستراتیژی لەنێوانیاندا هەیە بەهۆی پاڵپشتیکردنی ئەمەریکا لە هێزەکانی یەپەگەوە ناکۆکن و کێشەیان هەیە، ئەمەریکا پاڵپشتی ئەو هێزە زەمینیانەی سووریا دەکات کە شەڕی داعش دەکەن بەڵام بەلای تورکیاوە هێزەکانی یەپەگە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و بەتیرۆریست و بەبەشێک لەهێزەکانی پەکەکەیان دەزانێت.
ئەگەر بێتو ئەمەریکا نەتوانێ سەرکەوتن بەدەستبهێنێ لەهەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی تورکیا ئەوا ئەو ناوچەیە توشی قەیرانێکی گەورە و، شەڕ و ئاڵۆزی دەبێتەوە و، کێشەکانی ئەو ناوچەیە قوڵتردەبنەوە. وە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ ڕیشەکێشکردنی داعش شکستدێنێ و، هەروەها ئامانجی ئەمەریکاش بۆ کێشانەوەی هێزەکانی لەسووریا بەدەستنایەت.
پرۆژەی ئەمەریکا بۆ ڕازیکردنی تورکیا بریتیە لە هەبوونی هێزێکی هاوبەشی ئەمەریکا و تورکیا بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ سنووری باشووری تورکیا، وە دروستکردنی ناوچەی ئارام کە بەقوڵایی نزیکەی (١٥ کیلۆمەتر) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بچێتە ناوەوە و درێژایی (١٤٠ کیلۆمەتری) یش بگرێتەوە، وە لەو ناوچەیەدا هێزەکانی یەپەگە بکشێنەوە، وە ناوچەکە پێکەوە چاودێری بکەن.
تورکیا ئەو پرۆژەیەی ڕەتکردۆتەوە و، سوورە لەسەر ئەوەی کە ناوچەی ئارام دەبێ بەقوڵایی (٣٠ کیلۆمەتر) بە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا شۆڕببێتەوە، وە هەروەها دەیەوێ بەتەنیاش ئەو ناوچەیە بەڕێوەببات و تەنها هێزەکانی تورکیا چاودێریبکەن. هەروەها تورکیا لەوەش دەڕوانێ کە ناوچەیەک دروستبکات هەتا بتوانێ هەندێک لەو (٣،٦ ملیۆن) ئاوارەیەی سووریا کە ئێستا لەتورکیان بیانگێڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە.
ئەوە یەکەمجار نیە کە تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەکانی سووریا و تایبەت باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکایی و، تورکیا و، کوردەکانیش هەڕەشەی ئەو جارەیان ڕاستیە و بەئاشکرایی و بەپلان پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی لەلایەن تورکیاوە دەکرێت.
وە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیاش لەو بارەیەوە گوتی، دەچینە نێو سووریاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، وە گوتیشی ئەوەمان بە ڕووسیا و، بەئەمەریکاش گوتوە.
ئەگەر هاتوو تورکیا پرۆژە پێشنیارەکە و، هەر ڕێکەوتنێکی دیکەی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردەوە، ئەوا ئیدارەی کۆشکی سپی ئەوەی بەڕوونی گوتوە کە ناتوانێ لەژێر دەسەڵاتی کۆنگرێسی ئێستادا دەستێوەردان بۆ پاراستنی چەکدارە کوردەکان بکات.
لەڕاستیدا لەگەڵ ئەو کێشانەی بەهۆی باکووری سووریاوە هاتونەتەپێش، ئەمەریکا پێشتریش گرژی لەگەڵ تورکیا هەبوو لەسەر کڕینی سیستەمی موشەکی لەڕووسیا، کە بوە هۆی ڕەتکردنەوەی فرۆشتنی فڕۆکەی (ئێف ٣٥) ئەمەریکایی بەتورکیا.
وە بەپێی یاسایەکانی ئەمەریکا داوا لە (دۆناڵد ترەمپ) دەکرێ سزای ئابووری بەسەر تورکیادا بسەپێنێ بەڵام تاوەکو ئێستا ئیدارەی ئەمەریکا ئەوەشی نەکردوە، لانیکەم بۆ ئەوەی هەوڵەکانی بۆ ڕێکەوتن لەسەر کوردەکان لەگەڵ تورکیادا تێکنەچن، کەواتە ئەمەریکا مەبەستیەتی شێوە ڕێکەوتنێک بۆ نەهێشتنی داگیرکاری تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بکات.
لەهەمان کاتیشدا لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی کوردەکان کێشەیەکی دیکەش لەو بەینەدا دێتەپێشەوە ئەویش هەڕەشەی کوردەکانی سووریایە لەبارەی داعشە دیلەکانەدوە. کوردەکان هۆشداریانداوە ئەگەر توشی شەڕکردن لەگەڵ تورکیا ببن ئەوان ناتوانن پاسەوانی دیلە داعشەکان بکەن، کە نزیکەی (٨ هەزار) سووریای و عێراقی و نزیکەی (٢ هەزار) چەکداری بیانی چەکداری داعش بەدیلگراون و کوردەکان پاسەوانیان دەکەن.
لەو بارەیەوە (ئەڵدار خلیل) سەرکردەی سیاسی هێزە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گوتی، یان دەبێ شەڕبکەین، یان دەبێ پاسەوانی دیلەکان بکەین، ناتوانین هەردووکیان لەیەک کاتدا بکەین.
وە لەکاتی چاوپێکەوتنەکەدا، (خلیل) گوتی، بەڕاستی ئێمە دیلەکان وەکو کارت بەکارناهێنین بەڵام لەوانەیە کۆنتڕۆڵ لەدەستدەین، چونکە ئەوانە وەکو زیندانی ڕەسمی نین، هەندێک شوێن تەنها قوتابخانەکانن و دیوارمان بۆ جیاکردنەوەیان دروستکردوە، واتە زیندانەکان پارێزراونین.وە ئەگەر بێتو داعشە دیلەکان بزانن ئێمە شەڕی تورکیا دەکەین ئەو زیندانەکان دەشکێنن و هەڵدێن.
شیاوی باسکردنە، هەوڵەکانی ئەمەریکا و تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لەسەر سنووری تورکیا و لەقوڵایی خاکی سووریادا هێشتا نەگەیشتۆتە ئەنجام.
هەڕەشەکانی ئەو دواییەی تورکیا و کۆکردنەوەی هێزێکی گەورە لەسەر سنووری نێوانیان لەگەڵ سووریا هەڕەشەیەکی جیدیە و تورکیا مەبەستیەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجامبدات و ئامانجەکانی بۆ ئاسایشی سنووری وڵاتەکەی بەدەستبهێنێ. ئەنجامەکانی ئەو شەڕە هەرچیەک بن کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەورەتردەکەن و، مەترسی لەسەر لەدەستدانی ئەو دیلە داعشانەش دروستدەبێ کە لەدوای قوربانیەکی زۆر شکست بەخەلافەتەکەیان لەسووریا هێنراوە.
ئەگەر لەڕووی سەربازییەوە تەمەشابکەین ئەمەریکا بەپاڵپشتیکردنی هێزەکانی کوردەکان و، کەمپەینی هەوایی توانی سەرکەوتنی گەورە بەسەر داعشدا لەسووریا بێنێ، کە ئەوە لەمێژووی چەند دەیەی ڕابردووی ئەمەریکادا شەڕێک بوە کە کەمترین قوربانی و خەرجی بۆ ئەمەریکا لێکەوتۆتەوە.
بارودۆخەکە ناڕوونە و کوردەکانیش بەهۆی نادڵنیایی لەو ڕەوشەی خۆیان بۆ پاراستنی ناوچەکانیان هەوڵەکانیان بەردەوامن و لەپەیوەندیدان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، کە ئەوەش دەرفەتێکی بچوکە بۆ ڕێکەوتن و مانەوەیان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕووسیا پێشنیاری بۆ کردوون ئەگەر بیانەوێ ڕێکەوتن لەگەڵ سووریادا بکەن دەبێ وابکەن هێزەکانی ئەمەریکا لەناوچەکانیان دەرکەن، لەو بارەیەوە (خلیل) گوتی، چۆن دەتوانین هێزەکانی ئەمەریکا دەربکەین، ئایا ئێمە هێناومانن.
لەدوای هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشی تاکلایەنە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، واشنتن لە زاری وەزیری بەرگرییەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "قبوڵنەکراوە".
مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە لەناو فڕۆکەکەیدا لە رێگەدابووە بۆ ژاپۆن، بە رۆژنامەڤانانی هاوەڵی گوتووە، کە ئەمریکا رازیی نییە بە هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا. ئێسپەر دەڵێت "بە روونی ئێمە رازینیین بە هیچ هێرشێکی تاكلایەنەی تورکیا بۆ باکووری سووریا و جێگای قبووڵ نییە. ئەو هێرشە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هەسەدە و تورکیایە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئێمە هیچ نیازێکمان نییە دەستبەرداریان بین، بەڵام ناشتوانین لە پاراستنیان گرەنتیان بکەین".
ئەم قسانەی ئەو بەرپرسە باڵای ئیدارەی ترەمپ لە کاتێکدایە دوو رۆژە کۆبوونەوەی بەردەوام لە لایەن بەرپرسانی سەربازی تورکیا و ئەمریکا لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و دەیانەوێت لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام کە داخوازی لە مێژینەی تورکیایە بگەنە ئەنجام.
تورکیا دەیەوێت بە قوڵای 30 کیلۆمەتر ناوچەیەکی ئارام لە سنوورەکانی لەگەڵ سووریا دروستبکات و بیکاتە ناوچەیەکی ژێردەسەڵاتی خۆی و بتوانێت سەتان هەزار لەو ئاوارانەی سووریا کە لە تورکیان بگەڕێنێتەوە ئەو ناوچە ئارامە.
ئەمریکا کە لەسەرەتادا دژی ئەو ناوچە ئارامە بوو، بەڵام ئێستا دەیەوێت بە ناوی تێگەیشتن لە "نیگەرانییە شەرعییە ئەمنییەکانی تورکیا"ـی هاوپەیمانی ناتۆی بە رێککەوتن ناوچەیەکی لەوجۆرە دروستبکات، بەڵام زۆر کەمتر لەوەی ئەنقەرە دەیخوازێت.
ئەمریکا دەیەوێت هەسەدە رازیبێت بەو گفتوگۆیانە و هەروەها ناوچەی ئارام لە نێوان 9 بۆ 14 کیلۆمەتر بێت.
لێپرسراوانی هەسەدە ئاشکرایانکردووە، کە ئاگاداری گفتوگۆکانن، بەڵام بە داخوازی ئەمریکا و تورکیا رازیی نین و دەیانەوێ ئەو ناوچەی ئارامە لە پێنج کیلۆمەتر زیاتر نەبێت.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler