ئەیلول 19, 2019

ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فورات لە نێوان توركیا و ئەمریكا و یەپەگەدا

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە كاتی كردنەوەی پڕۆژەی رێگەی نێوان ئیزمیر و ئیستەتبۆڵ، هەڕەشەی توندی لە یەپەگە كرد و ئاماژەی دا كە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا هێرشتان دەكەینە سەر و لەناوتان دەبەین. پرسیاری شڕۆڤەكاران ئەوەیە، ئایە توركیا بە جیدی دەتوانێت هێرش بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات ئەنجام بدات؟

ئاكدۆغان ئۆزكان نووسەری دیاری ماڵپەری (T24)_ی توركی، لەبارەی ئەوەی ئایە توركیا دەتوانێت هێڕش بكاتە سەر رۆژهەڵاتی فورات، لە نووسێنێكدا پێی وایە بەڵێ توركیا ئەو هەنگاوە دەگرێتە بەر، بەڵام ئەمجارەیان وەكو ئۆپەراسیۆنی جەرابلووس و ئەلباب و عەفرین نابێت.
نووسەر پێی وایە، بە هۆی ئەوەی ئەمریكا بە دەیان كامیۆن چەكی داوەتە یەپەگە لەو ناوچەیە و بۆ خۆشی چەندین سەربازی جێگیر كردوە، بۆیە توركیا بە بێ هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریكا ئەستەمە بتوانێت ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات.
ئەردۆغان لە وتارەكەیدا باسی لەوە كرد، كە ئەمریكا و روسیایان ئاگادار كردوەتەوە لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەڵام نەیگوت ئەمریكامان رازی كردوە، بۆیە وەكو ئەوەی ئۆزكان باسی دەكات، رەنگە لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە ئەمریكا و توركیا بگەنە رێككەوتنێك، بەوەی هەموو ئەو چەكانەی ئەمریكا بە یەپەگەی داوە وەریبگرێتەوە، ئەوكات توركیاش یەپەگەی پێ مەترسی نابێت بۆ سەر خاكەكەی.

تێچووی شەڕ لە بەرژەوەندی توركیا نییە
هەر لە وتارەكەیدا ئەردۆغان، چەندین جار باسی لە تێچووی پارەیەكی زۆر بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە كرد كە بە نیازن بۆ رۆژهەڵاتی فوراتی ئەنجام بدەن. ئەردۆغان گوتی ئەو ئۆپەراسیۆنە پارەی دەوێت و بە بێ پارە ئۆپەراسیۆنێكی لەو شێوەیە ئەنجام نادرێت، بەڵام لەبەر پاراستنی خاكەكەمان ناچارین ئەو تێچووەی ئۆپەراسیۆن بگرینە ئەستۆ.
توركیا بە قەیرانێكی سەختی داراییدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ئەنجام دانی هەر ئۆپەراسیۆنێك كاریگەری خراپی لەسەر رەوشی ئابووری توركیا دەبێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردوەتەوە، ئەگەر بێت و توركیا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژهەڵاتی توركیا ئەنجام بدات، بەهای لیرەی توركی بەرامبە ر بە دۆلار دێتە خوارەوە و قەیرانی دارایی سەختتر دەبێت.

S400 بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فورات
ماڵپەری (CNN)_ی توركی بڵاوی كردوەتەوە، بە هۆی ئەوەی توركیا بوەتە خاوەنی مووشەكی بەرگری S400 و گوێی بە ئەمریكا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ نەدا، بۆیە ئەگەر هەیە ئەمریكا داوا لە توركیا بكات واز لە ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فورات بهێنێت و ئەمریكاش هیچ سزایەك بەسەر توركیا ناسەپێنێت. بەڵام ئۆزكان لە نووسینەكەیدا پێی وایە توركیا بەو مەرجە رازی نابێت، چونكە بوونی یەپەگەی لەو ناوچەیە بە هیچ شێوەیەك پێ قبوڵ نییە.
رۆژنامەی (جومهوریەت)_ی توركیش لە لای خۆیەوە لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات، توركیا و ئەمریكا لە بارەی دروست كردنی ناوچەیەكی ئارام ناگەنە رێككەوتن، چونكە ئەمریكا دەیەوێت ناوچە ئارامەكە ١٥ كیلۆمەتر بێت، بەڵام توركیا دەیەوێت ٣٢ كیلۆمەتر بێت.
هەروەها توركیا داوا دەكات ئەو ناوچە ئارامە لە لایەن سوپای توركیاوە بەڕێوەببرێت نەك سوپایەكی تر، بەڵام ئەمریكا ئەو پێشنیارەی توركیای رەتكردوەتەوە.
بە گوێرەی گوتەی خلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا، توركیا هەموو ئامادەكارییەكی بۆ ئۆپەراسیۆن ئامادە كردوە و تەنیا چاوەڕێی فەرمانن، هەروەها ئۆپەراسیۆنەكە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد ئەنجام دەدرێت.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler