ئەیلول 19, 2019

پاكـستان به‌ره‌و كـوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟


لەو یەک ساڵەی ئۆمەران خان (عیمران خان)بووەتە سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئەو وڵاتە لە زۆر بوارەوە بەرەو خراپە رۆیشتووە؛ بە تایبەت لە بواری ئابووری و مافی مرۆڤدا؛ئۆمەران خانئەوەندەی با داوەتەوە، زۆر کەس پێی دەڵێن ئاغای بادانەوە.
 
پار ئەم کاتانە بوو ئۆمەران خان بوو بە سەرۆکوەزیرانی پاکستان؛ زۆر کەس دەڵێن پاکستان لەو ٣٧ ساڵەدا هەڵبژاردنی پڕ لە ساختەی وەکو ئەو سەرۆکهەڵبژاردنەی بە خۆوە نەبینیوە کە ئۆمەران خانی پێ گەیشتە دەسەڵات؛ بەرهەڵستکاران و زۆبەی چاودێرە بیانیەکانیش پێیان وایە ئەگەر دەستێوەردانی سوپا بەدەسەڵاتەکەی پاکستان نەبووبا، ئۆمەران خان نەدەگەیشتە دەسەڵات.
ئۆمەران خان بە دروشمی 'پاکستانی نوێ'ـوە، خۆی پاڵاوتبوو بۆ هەڵبژاردن؛ بەڵام لەو یەک ساڵەی بووەتە سەرۆکوەزیران، پاکستان نەک هەر نوێ نەبووەتەوە، بەرەو دواوەیش رۆیشتووە! بواری ئابووری ئەوەندەی دی داتەپیوە؛ بواری سیاسەت لە سەقام کەوتووە؛ مافی مرۆڤیش زیاتر لە جاران پێشێل دەکرێت.
ئۆمەران خان هەر لەو یەل ساڵەی سەرۆکوەزیرانەتکردنەکەیدا زۆربەی دروشم و بانگەشەکانی خۆی بنپێ کرد و، لە زۆر بابەتەدا بای داوەتەوە! وای لێ هاتووە خەڵک ناویان لێی ناوە ئاغای بادانەوە! کەچی بەبێ شەرم و شوورەیی، وتارێکی دا و گوتی: "ئەو سەرۆکەی [لەبەر بەرژەوەندیەکانی نیشتمان] با نەداتەوە، سەرۆکێکی تەواو نیە!" ئەگەرچی ئەو هەموو بادانەوەیش هیچ کەڵکێکی بۆ پاکستان نەبووە.
 داتەپینی ئابووری
ئۆمەران خان هەڵەی زۆری کردووە بەڵام هیچکامێکیان بەقەدەر تێکدانی ئابووری گەورە نەبووە؛ بەهای دراوی پاکستان هەتا دێ کەم دەبێتەوە؛ هەر لەو یەک ساڵەدا بەهای پارەی پاکستان، سەدا٣٥، داشکاوە؛ دۆخە ئەوەندە خراپ داگەڕاوە، ئۆمەران خان ناچار کەوت کابینە و وەزیرەکان بگۆڕێت؛ ئەو وەزیرە داراییەیشی بەرکەنار کرد کە خۆی لەمێژ بوو بانگەشەی بۆ دەکرد و دەیگوت لە ئابووریدا یەکاویەکە و کێشە ئابووریەکانی پاکستانی پێ چارە دەکرێت کەچی بە ساڵێک ئابووریە سستەکەی پاکستانی کاول کرد.
ئۆمەران خان دروشمی هەڵگرتبوو گوایە بەبێ قەرز و هێنانی وام (وام)، ئابووریە داتەپیوەکەی پاکستان بژێنێتەوە کەچی بە ساڵ و نیوێک، شانزەملیار دۆلار وامی لە دەرەوە قەرز کردووە! سەیرەکە لەوەدایە لە ساڵی ١٩٤٢ـی زایینیەوە کە پاکستان دامەزراوە، هیچ دەوڵەتێکی پاکستان ئەوەندەی ئەم دەوڵەتەی ئۆمەران خان قەرزی هەندەرانی نەهێناوە.
لە پارەوە رادەی گەشەی ئابووری، بووەتە نیوەی جاران؛ سەدا٣.٣؛ لەو ٩ ساڵەدا، لە کەمیدا، لە وێنەی نەبووە؛بوودجەی حکوومەتیش زۆر کورتی هێناوە و، هەتا دێ کورتهێنانەکەیشی زیاتر دەبێت.
ئۆمەران خان چاک دەزانێ کوندەکە لە کوێوە دڕاوە؛ چینی دەوڵەمەندی پاکستان، زۆربەهەرەزۆریان نەک هەر باج و سەرانەی خۆیان نادەن، زۆریش قەرزکوێرن و قەرزی دەوڵەت نادەنەوە؛ بۆ تێهێنانەوەی ئەو کورتهێنانەیش چینە هەژارەکە دەخرێنە بن بارەوە و ناراستەوخۆ لە گیرفانی ئەوانەوە دەردەچێت؛ ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لە دەوڵەت هەڵبگەڕێنەوە و، خەڵکێکی زۆر لە دەوڵەت ناڕازینە؛ ئۆمەران خان بە نانەوەی کیشەی سیاسی، ئەوەندە دی ئابووریەکەی تێک داوە.

دەمبێن و دەمبەستکردنی بەرهەڵستکاران
ئۆمەرانخان، هەتا بەر لەوەی بگاتە دەسەڵات دەیگوت خەتای ئەو سیاسەتمەدارە گەندەلانەیە پاکستان گەشە ناکات و ئەوزەڵی لێ براوە؛ ئەوانەی وا بە گەندەڵی پارەیەکی زۆریان خواردووە و لە دەرەوەی وڵاتیشدا شاردوویانەتەوە؛ ئۆمەران خان بەڵێنی دابوو کە بگاتە دەسەڵات، چی پارەی دزراو هەیە، بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت؛ کە گەیشتە دەسەڵات، کەوتە وێزەی هەندێکیشیان بەلام چی وای پێ نەکرا و پارەیەکی وایشی پێ لێ وەرنەگیرانەوە.
سەرەڕای ئەوەش لە بابەتی بنەبڕکردنی گەندەڵیدا سیاسەتی بانێک و دوو هەوای گرتووەتە بەر؛ دەڵێ هەر بۆ بێدەنکگردن و دەمبێنکردنی رکابەرە سیاسیەکانی ئۆمەران خانە؛ بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکی وایان بە دەستەوە بێ، زۆریان بۆ سیاسەتمەدارانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن هێناوە؛ هەڕەشەوگوڕەشەیان لێ دەکەن؛ بەڵام کەس نیە شوێنی گەندەڵەکانی حزبەکەی ئۆمەران خان بگرێت؛ واتە بابەتی ریشەڵکێشکردنی گەندەڵی کراوەتە دەسپێچک و پاساوێک بۆ سەرکوتکردنی بەرهەڵستکاران؛ بۆ نموونە رەعنا سەنائەڵا، پەرلەمانتاری دژ بە سیاسەتەکانی ئۆمەران خان، بە پاساوی هێناوبردنی بەنگەمەنی (مادەی هۆشبەر)، گیراوە! ئەو پەرلەمانتارە چەند رۆژ بەر لەوەی بیگرن گوتبووی دەوڵەت لێمعاجزە کە رەخنەیان لێ دەگرم و، بە شوێن بیانوویەکدا دەگەڕێن بمگرن!
 ئەو هەموو لەزەواقنانن و بگیربگیرە بووە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە هەرێمە هەرە گەورەکەی پەنجاوی پاکستاندا؛ مریەم نەواز شەریفی کچی نەواز شەریفی سەرۆکوەزیرانی پیشووی پاکستان جڵەوی بزووتنەوەیەکەی گرتووەتە دەستەوە؛ نەواز شەریف بە تۆمەتی گەندەڵی خراوەتە زیندانەوە. رێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ خەڵک هاتنە سەر شەقام و گوتیان نابێ دەوڵەتی ئاوەها دەنگی سیاسەتمەدارانی بەرهەڵستکار کپ بکاتەوە.
ئەگەرچی تەلەڤیزیۆنە نیشتمانیەکەی پاکستان هەواڵی ئەو خۆپیشاندان و هاتنەدەنگەی روومال کرد بەڵام دەسەلاتداران خۆپیشاندانە گەورەکەی شاری کوێتەیان شاردەوە و هیچ باسێکیان لیوە نەکرد؛ هیچ راگەیاندنێکیش نەیوێرا باسی بکات لەبەرئەوەی دەوڵەت قەدەغەی کردبوو کەس باسی ئەو بابەتی خۆپێشاندانە بکات بەو پاساوەی گوایە ئەوانەی جڵەوی خۆپیشاندانەکەیان بە دەستەوەیە لە گەندەڵی تێوە گلاون و، جارێ داداگا بخەریکە لێیان دەکۆڵێتەوە.
هەر لەو مانگەدا بە فەرمانی کابینە، سێ کەناڵی هەواڵگوێز داخران؛ لەبەر ئەوەی قەدەغەکەیان شکاندبوو و، کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی مریەم نەواز شەریفیان بلاو کردبوویەوە و رووماڵیان کردبوو؛ بەوەدا دیارە ئەم دەوڵەتەی ئۆمەران خان چەندە لاسارە و، دەنگی بەرهەڵستکار و رەخنەی پێ قبووڵ ناکرێت.

پەلاماردانی چالاکانی بوار مافی مرۆڤ
ئەو کەسانەی باسی مافی مرۆڤ و سەرەوەریی یاسا دەکەن، ئەوانیش کەوتوونەتە بەر پەلامار و دەسەلات دەستیان لێ ناپارێزێت؛ گوڵاڵە ئیسماعیل، چالاکی بواری ژنان، کە تا ئێستا چەند جارێکش بە خەڵاتی نێودەوڵەتی خەڵاتکراوە، لە ترسی ئۆمەران خاندا خۆی شاردووەتەوە؛ بەوە خەتابارە گوایە پشتی پەشتوونەکانی پاکستانی گرتووە؛ پەشتوونەکان دووەم نەتەوەی پڕ ئاپۆڕانە لە پاکستاندا.
پەشتوونەکان بزووتنەوەیەکیان هەیە ناویان لێ ناوە 'نەهزەی تەحەفوز'؛ بزووتنەوەی نەهزەی تەحەفوز ساڵێکیش زیاترە داوای ئەوە دەکا بزانێ ئەو هەموو ئۆپەراسیۆنەی دەوڵەت پاکستان لە ناوچەی خەیبەرپەشتوون لە سنووری پاکستان و ئەفغانستان، بۆ چیە؟ لەوەتی یانزەی ئەیلوولی ٢٠٠١ قەوماوە، سوپای پاکستان ماوەماوە شەڕێکی لەو ناوچەیەدا هەڵگیرساندووە؛ دەوڵەت و سوپا نەک هەر گوێیان لەو داوکاریەی بزووتنەوەی نەهزەی تەحەفوز نەبووە، بگرە پەلامریشیان دەدەن و هەڕەشییان کردووە لەو راگەیاندنانەی هەواڵی ئەو بزووتنەوەیە رووماڵ دەکەن و، قەدەغەیان کردووە باسیان لێوە بکرێت. موحسین دەوار و عەلی وەزیر، دوو پەرلەمانتاری سەر بەو بزووتنەوەیە، هەردووانەکەیان بەو دواییانە گیراون؛ بەو پاساوەی گوایە پەلاماری پۆلێسیان داوە لە بازگەیەکی پۆلیسدا؛ سەیرەکە لەوەدایە لە گرتەودیمەنەکەدا دیارە سەرەتا پۆلیسەکە دەستی لەوان وەشاندووە و دەستڕێژیان لەو خۆپێشاندەرانە کردووە کە لەگەڵ ئەو دوو پەرلەمانتارەدا بوونە.
ئۆمەرانخان خۆیشی بەر لەوەی بگاتە دەسەڵات، چووبووە خۆپیشاندانێکی جەماعەتی بزووتنەوەی نەهزەی تەحەفوزەوە و، تەنانەت بەڵێنی پێ دابوون پشتیان بگرێ و پشتیوانییان لێ بکات؛ راستیەکەی ئەو خۆیشی لەمێژە دەیگوت بۆ دەبێ دەوڵەتی پاکستان بە ئاماژەی ئەمەریکا شەڕی گوایە رەشکوژان و تیرۆریستان بکات؟ کەچی هەر ئەو ئۆمەران خانە کە گەیشتە دەسەڵات، چێ بەڵێنی دابوو، لەبیر خۆی بردەوە و، پشتی لە پەشتوونەکان هەڵکرد؛ دەڵێی ئەمیش هەر رێگاکەی دەسەڵاتدارەکانی جارانی پاکستانی گرتووەتە بەر و، بەبێ شەرم‌وشوورەیی و بە ئاشکرا پشتی سوپای گرتووە بۆ کوتانی ناوچەی خەیبەرپەشتوون؛ سەرەڕای ئەوەش بەرەو ئەمەریکا کەوتە رێ و، لەوێ بەڵێنی دایە کۆشکەسپی، بۆ سەقامگیری و چەسپاندنی ئاشتی لە باشووری قوڕنەی ئاسیادا، دەست بخاتە دەستی ئەمەریکاوە؛ دەڵێ لەبیری چووەتەوە وەختی خۆی دەیگوت ئەوە ئەمەریکایە ئاژاوەی خستووەتە پاکستانەوە!
بە راستی سەیرە ئۆمەران خان بە ساڵێک ئەوەندە هەڵەوەگەڕابێتەوە و لەم روو بە ئەو روو بووبێت؟
چ قەوما ئەو حزبەی ناوی لە خۆی ناوە 'حزبی بووژانەوەی داد' ئاوەها وازی لە گۆڕین هێنا و بوو بە حزبێکی نەگۆڕی دەسەڵاتسەپێنی گوێ لە مشتی دسوپا؟
وا دیارە ژەنەراڵە هەرە دەسەڵاتدارەکانی پاکستان لە بنەوە دەست لە کاروباری دەوڵەت وەردەدەن؛ دەڵێن هەر ئەوانیش ئۆمەران خانیان هێناوەتە سەر حوکم؛ لە بنەوە لە بن رکێفی خۆیاندایە و، بۆ بەرچاویش دەیانەوێ بڵێن سەیر کەن پاکستان وڵاتێکی دیموکراتیکە و بە هەڵبژاردن و سندووقی دەنگ کاری خۆی دەکات؛ ئۆمەران خان چی پێ بڵێن ناچارە هەر ئەوە بکا وا مەیلی ژەنەراڵەنی سوپای پاکستانە.
بەڵام وا دیارە ژەنەراڵەکانی پاکستان خاڵێکیان لەبیر چووبێتەوە و رەچاویان نەکردبێت؛ وڵاتێکی هەمەڕەنگی وەکو پاکستان، بە دەوڵەتێکی ئەڵقەلەگوێی سوپا، زۆر زەحمەتە گەشەیەکی وا بکات.
هەتا راگەیاندن ئازاد نەبێت و مافی مرۆڤ دابین نەبێت و، ئەو بەرپرسانەی خەڵک هەڵیبژاردوون، دەسەڵاتیان نەبێت، دیموکراسیەکەی پاکستان سەر ناگرێت و بەر نادات.خەڵکی پاکستان ناهێڵین هەتاهەیاتە دەوڵەتی داردەستی وڵاتانی زلهیز حوکمیان بکات؛ئۆمەران خان هەرچۆنێکبێ ساڵێکی سەرۆکوەزیرانەتیکردنەکەی خۆی بەڕێ کردووە بەڵام ئەگەربێتو خۆی نەگۆڕێت و بە دەم داوکاریەکانی خەڵکەوە نەچێت، زەحمەتە هەتا ئاخر بۆی بڕواتە سەر.

 

و: د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler