تەمموز 21, 2019

ئایا هه‌ڵوێسته‌كانی ئێران دەبنە هۆی گێڕانەوەی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان؟

ڕۆژی یەکشەممە ئێران ڕایگەیاند ئەو سنورەی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەڕێکەوتنی ئەتۆمی بۆی دیاریکراوە چیدیکە پابەندی نابێ و دەیشکێنێ، لەو بارەیەوە (عباس عرقچی) جێگیری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ئێران هێشتا دەیەوێت ڕێکەوتنی ئەتۆمی ڕزگاربکات بەڵام وڵاتانی ئەوروپا شکست بوون لە هێشتنەوەی بەڵێنەکانیان بەزیندوویی.

هەڵبەتە لەساڵی (٢٠١٨) ەدا ئەمەریکا تاکلایەنە لەڕێکەوتنەکە کشایەوە و، لەو کاتەوە سزای توندی لەسەر ئێران چەسپاندەوە ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری ئێران دروستکرد.
لەمانگی ئایاردا ئێران ڕایگەیاند هەوڵەکانی لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەکاتەوە، ئەگەرچی وڵاتانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ڕۆژئاوا ترسیان هەیە کە ئێران بەرزکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێ بەڵام ئێران ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵی بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاری دەهێنێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) بەرپرسانی باڵای ئێران ئاماژەیان بەوەداوە کە تاران هەر (٦٠) ڕۆژ جارێک لەپابەندبوون بەبەڵێنەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی دادەبەزێنێت هەتا ئەو کاتەی ئەو وڵاتانەی ئیمزای ڕێکەوتنەکەیان کردوە لەسزایەکانی ئەمەریکا پارێزگاری لەئێران دەکەن، وە لەگەڵ ئەو پێشهاتە تازانەشدا هێشتا دەرگای دیبلۆماسیان کراوەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەڕێگای دیبلۆماسیانە.
لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (٢٠١٦) ەدا نەتەوە یەکگرتوەکان سزایەکانی لەسەر ئێران هەڵگرت لەدوای ئەوەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەتۆمی ڕایگەیاند ئێران ڕێکەوتنەکەی وەکو خۆی جێبەجێکردوە، بەڵام ئەو بارودۆخە تازەیەی ئێران کە لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە لەو سنورەی بۆی دانراوە تێپەڕی دەکات چی دێنێتەپێش، هێشتا وڵاتانی ئەندام لەڕێکەوتنەکە بێجگە لەئیدانەکردن هەنگاوی دیکەیان هەڵنەگرتوە.
لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران باری ڕێکەوتنەکە و چارەنوسی کەوتە مەترسیەوە، ئەمەریکا سزایەکانی بەتوندی چەسپاندنەوە، ئەمەریکا تاکلایەنە لەو ڕێکەوتنەی کە هاوشانی ئێران و بەریتانیا و، ئەڵمان و، فەرەنسا و، ڕووسیا و، چین ئیمزای کردبوو هاتەدەرێ، بەلای ئەمەریکاوە ڕێکەوتنەکە کامڵ نیە و، دەرفەتی باشتری لەناوچەکەدا بۆ ئێران رەخساندون و، وە پرۆگرامی موشەکی و، هەڵسوکەوتەکانی ئێرانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدا دیارینەکراوە.
بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە ئێران دەتوانێ لێکۆڵینەوە و سکاڵا لەبارەی کشانەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنەکە بکات و، وە لەئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەو پرسەدا دەتوانێ پابەندیەکانی بەڕێکەوتنەکەوە جێبەجێ نەکات.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران دەتوانێ بەرگری لەدابەزاندنی پابەندییە بەڵێنەکانیشی بکات و بەسەرپێچی لەقەڵەم نەدرێن، چونکە ئەگەر نەتوانێ بەرگری لەخۆی بکات لەوانەیە سزایەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانیشی بگەڕێنەوە سەری.
ئەوەی خوارەوە بەشێک لە قۆناغەکانی بڕیاردان لە چارەسەرکردنی کێشەکانە لەپرسی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێراندا کە کۆی پرۆسەکە نزیکەی (٦٥) ڕۆژی دەوێت.
لیژنەی پرۆتۆکۆڵی هاوبەشی چارەسەرکردنی کێشەکان:
هەنگاوی یەکەم: ئەگەر هەر لایەک لەلایەنەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەو باوەڕەدابوو لایەکەی دیکە پابەندی ڕێکەوتنەکە نەبوە ئەوا دەتوانێ ئەو پرسە ڕادەستی لیژنەی هاوبەشی کێشەکان بکات کە هەریەکە لەوڵاتانی بەشدار ئەندامیان لەو لیژنەیەدا هەیە کەپێکدێن لە ڕووسیا و، چین و، ئەڵمان و، فەرەنسا و، بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا (ئەمەریکاش بەڵام ئەو هاتۆتە دەرێ).
لیژنەی هاوبەش کاتێ کێشەکەی پێدەگات (١٥) ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێ کە کۆدەنگی هەبێ لەسەر درێژکردنەوەی کاتەکە.
هەنگاوی دووەم: ئەگەر هەر لایەنێک لەو باوەڕەدابوو مەسەلەکەی لەدوای هەنگاوی یەکەم هێشتا چارەسەرنەکراوە ئەوا دەتوانێ پرسەکە رادەستی وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لەڕێکەوتنەکە بکات، وەزیرەکانیش نزیکەی (١٥) ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە تەنها لەکاتێکدا نەبێ کە کاتی درێژتریان پێویست بێ و بەکۆدەنگی درێژی بکەنەوە.
هەروەها ئەو لایەنەی کەسکاڵای لەسەر لایەنەکەی دیکە هەیە و پێیوایە بەڕێکەوتنەکەوە پابەند نەبوە دەتوانێ داوا بکات پرسەکە لەلایەن بۆردێکی تێبینکەری سێ کەسی تەماشابکرێ، هەردوو لایەنی کێشەکە ئەندامێکیان دەبێ و، ئەندامی سێیەمیش بێلایەن دەبێ، ئەوانیش تەنها (١٥) ڕۆژیان هەیە بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکە.
هەنگاوی سێیەم: ئەگەر پرسەکە لەماوەی (٣٠) ڕۆژدا چارەسەرنەکرابوو ئەوا لیژنەی هاوبەش بیر لەوەرگرتنی ڕای بۆردی تێبینیکەران دەکاتەوە بۆ ئەوەش (٥) ڕۆژیان لەبەردەستدایە.
هەنگاوی چوارەم: ئەگەر لایەنی سکاڵاکار هێشتا لەو هەنگاوانەی سەرەوە ڕازی نەبوو، ئەوا لەو کاتەدا دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بەچارەسەرنەکراوی بکات و ئەنجامدانی پابەندییەکانی خۆی بەڕێکەوتنەکەوە هەڵپەسێرێت، وە بەپێی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لەو کاتەدا دەتوانێ بەشێک لەپابەندییەکان یان هەموو جێبەجێ نەکات ئەوەش دەکەوێتە سەر بارودۆخەکە.
هەروەها ئەوان دەتوانن هەر پانزە ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشیش ئاگاداربکەنە لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕێکەوتنەکەیان بەبەکارهێنانی تواناکانی لیژنەی هاوبەشی چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
هەنگاوی پێنجەم: کاتێک لایەنی سکاڵاکار ئەنجومەنی ئاسایشی ئاگادارکردەوە ئەویش دەنگدان لەماوەی (٣٠) رۆژدا لەسەر ئەو پرسە ئەنجامدەدات و بڕیاردەدات بەردەوامی بدرێت بەسزا لاچوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر ئێران یان نا، بەڵام ئەو دەنگدانە پێویستی بە نۆ دەنگی بەڵی هەیە و دەبێ ئەو پێنج لایەنەی ئەنجومەنی ئاسایش کە ئەمەریکا و، ڕووسیا و، چین و، بەریتانیا و، فەرەنسان ڤیتۆیان نەکردبێ.
هەنگاوی شەشەم: ئەگەر لەماوەی ئەو (٣٠) رۆژەدا بڕیارێکی لەو شێوەیە نەدرا، ئەوا سزایەکانی پێشتری نەتەوە یەکگرتوەکان بەتەواوەتی دەگەڕێنەوە، تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێ کە ئەنجومەنی ئاسایش بیروبۆچۆنێکی دیکە لەبارەی کێشەکەوە پێشکەش بکات.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler